پێنج شەممە, 02 ئازار 2017 07:05

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق له‌ مانگی شوبات ٢٠١٧

به‌غدا،عیراق ١ی ئادار ٢٠١٧- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی شوبات ٢٠١٧دا روویانداوه‌، ٣٩٢ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ٦١٣ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.



ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی کانونی دووەم ٣٨٥ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٦٠٩ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین).

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن پارێزگای نەینەوا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٤٥١ قوربانی سڤیل (٢٠١ كوژراو و ٢٥٠ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای بەغدا دێت به‌ ( ١٢٠ كوژراو و ٣٠٠ بریندار) دواتر ‌ پارێزگای سەڵاحەددین به‌ ( ٩ كوژراو و ١٣ بریندار) .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست یونامی کەوتوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای ئەنبارەوە، تێکڕای ژمارەی قوربانیان لەو پارێزگایە ٨٦ کەس بووە (٤٢ کوژراو و ٤٤ بریندار)، ئەو ژمارەیەش خراوەتە سەر کۆی گشتی قوربانیان تا بەرواری ٢٨ی شوبات ٢٠١٧.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ڕێز یان كۆبیش نیگەرانی خۆی دەربارەی بەردەوامیی گیان لەدەستدان لە نێو قوربانییانی مەدەنی عیراقی دەربڕی. هەروەها ئیدانەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی کرد کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو و ترسنۆکانە هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی پێشرەوییەکان لە هێڵی پێشەوە سست بکەن. بەڵام هەوڵە بێ ئەنجامەکانی داعش شکستیان هێناوە و نیانتوانیووە کار لە ویستی خەڵک و حکومەتی عیراقی بکەن بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆر.

بەڕێز کوبیش هەروەها وتی:" هێزەکانی ئاسایش لە پێشرەوی بەردەوامدان لە شاری موسڵ و، سەرەڕای هەوڵە ترسنۆکەکانی تیرۆرستان، بەگوێرەی پلانی سەربازی پێشینە کە تەرکیز لەسەر پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی عیراقی دەکاتەوە لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا. حکومەت و هێزی ئاسایشی عیراقی کار بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەن و ئێمەش دووپاتمان کردۆتەوە کە دەبێ ئەوپەڕی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی."


روون كردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌رگیراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌ وردی گوزارشت له‌ ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌كات به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی شه‌ڕ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ، یونامی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتین‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.


****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ بەڕێز
سەمیر غەتتاس، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی و وته‌بێژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق
به‌ ژماره‌ مۆبایلی‌ ٠٧٩٠١٩٣١٢٨١ ، و به‌ ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.