یەک شەممە, 09 نیسان 2017 11:45

نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیداری سلێمانی "عیراق: گەنج و پێکەوە ژیان": نەمانی داعش گرنگی پێکەوە ژیان زیاتر دەکات گرنگ

سلێمانی، عیراق، ٨ی نیسان ٢٠١٧ - دیداری سلێمانی "عیراق: گەنج و پێکەوە ژیان" کە گەنجان کۆدەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگەچارەکان بۆ قۆناغی دوای داعش، ئەمڕۆ لە سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عیراق ئەم دیدارە ئەنجام درا، ئەویش پێنجەم دیدارە لە درێژەی ئەو دیدارانەی کە لە سەرتاسەری عیراق ئەنجام دەدرێن. ئەم دیدارانە ڕۆژبەڕۆژ گرنگییان زیاتر دەبێت چونکە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە موسڵ بەرەو نەمان دەچێت.

بەڕێز جۆرجی بوستن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن، لە دەسپێکدا ڕایگەیاند کە یەکڕیزیی کلیلی ئاشتی و بەرەوپێش چوونە و هیوایەکە بۆ نەوەی داهاتوو. پێکەوە ژیانی ئاشتییانە ستوونی سەرەکی یەکڕیزی نیشتیمانییە.

بەڕێز بوستن وتی:" من دڵنیام بەم زووانە هەموو ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و پارچەکانی تری عیراق ئازاد دەکرێن و لەژێر دەستی چەپەڵی داعش دەردەهێندرێن و ڕزگاریان دەبێت لەدەست تاوانە دڕندانەکانی ئەو گرووپە تیرۆرستییە."

زیاتر لە ٨٠ گەنج لە تەمەنی نێوان ١٨ تا ٣٥ ساڵیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەل ئەمەلی عیراقیەوە ئەنجامدرا. دیداری سلێمانی پێنجەمینە لەو زنجیرە دیدارانەی کە لە سەرتاسەری عیراقدا ئەنجام دەدرێن بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە دەنگی گەنجان بۆ ئەوەی ڕۆڵی گرنگی خۆیان بگێڕن و بەشداربن لە داڕشتنی نەخشەڕێگای پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لە عیراقی داهاتوودا. لە ڕێگەی ئەم جۆرە دیدارانە گەنجانی عیراق لە پاشخانە جۆراوجۆرەکانی ئیتنی و ئایینییەکان دەرفەتێکیان دەبێت بۆ ئەوەی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و بەشداربن لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی قۆناغی دوای داعش و بەشدارییش لە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی بکەن.

لە دیدارەکەدا، خاتوو ئامینە گۆیانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی ئەل ئەمەل، و بەڕێز جۆرجی بوستن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق ئامادەبوون و تیشکیان خستە سەر گرنگیی ئەو دیدارەی سلێمانی، کە بەڕێزیان وەسفی شارکەی وەک پایتەختی کلتووری هەرێمی کوردستانی عیراق کرد.

بەڕێز بوستن وتی: " ئەم دیدارە گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە چونکە برایەتی لە نێوان کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق نیشان دەدات و دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان دەربارەی پێکەوە ژیان لە قۆناغی دوای داعش. ئێمە باش دەزانین کە گفتوگۆی ڕاشکاوانە و چڕوپڕ لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە ئامرازێکی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کلتوری ڕابردوو و دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی ئێستا و دروستکردنی داهاتوویەکی نوێ بۆ عیراق."

ئەو دیدارانەی لە سەرتاسەری عیراق یەکەم جار لە بەسڕە لە بەرواری ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ دەستیان پێکرد و زیاتر لە ١٢٠ بەشداربووی لە هەر چوار پارێزگاکانی بەسڕە و میسان و زیقاڕ و موسەننا لەخۆگرتبوو. دیداری دووەم لە هەولێر لە بەرواری ١٩ی شوباتدا ١٣٥ بەشداربوو لە پارێزگای نەینەوا ئامادەی بوون. دیداری سێیەم لە بەرواری ١٨ی ئادار ئەنجامدرا و ١١٥ بەشداربوو لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا و بابل و قادسییە ئامادەبوون. دیداری چوارەمیش لە بەرواری ٢٥ی ئادار لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا کە ٦٨ گەنج بەشداربوون. کۆنفرانسی دیکەش لە پارێزگاکانی بەغدا و کەرکوک و سەڵاحەددین ئەنجام دەدرێن، لە دوایشدا کۆنفرانسێکی فراوان لە مانگی ئایار لە شاری بەغدا دەبەسترێت کە گەنجانی هەبژێردراو لەو دیدارانەدا ئامادەی دەبن بۆ ئەوەی پیشنیازەکانیان بگەیەنن بۆ پاڵپشتی کردن لە پرۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان.

هەروەک شێوازی هەموو کۆنفرانسەکانی تر، بەشداربووانی دیداری سلێمانی دابەش بوونە سەر چەند گرووپێک بۆ ئەوەی بە چڕوپڕی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە دەربارەی داهاتووی عیراق و چۆنیەتی بەشداربوونیان لەو داهاتووە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، بەشداربووان گفتوگۆی وەڵامەکانیان کرد و چەند پێشنیازێکیان خستەڕوو.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.