پێنج شەممە, 11 ئایار 2017 13:47

یونیسکۆ و یونامی ڕێز لە دێرینترین مەڵبەندی فێرکردن بەغدا دەگرن گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

نوێنه‌رانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده ‌و زانست و رۆشنبیری (یونسكۆ ) و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عێراق (یونامی) سه‌ردانی قوتابخانه‌ی موسته‌نسریه‌یان كرد و رێز و پێزانینی خۆیان بۆ دێرینترین مه‌ڵبه‌ندی فێركردن له‌ به‌غدا نیشاندا، وه‌كو هه‌وڵێك بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی دڕنده‌یی و تیرۆر له‌ هه‌ر چه‌شنێك و له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك بێت ناتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر رۆشنبیریی و زانیندا.

قوتابخانه‌ی موسته‌نسریه‌ ئه‌و شوێنه‌ ناسراوه‌ی كه‌ خۆڕاگر بووه‌ له‌ به‌رده‌م ململانێ و سه‌رده‌مه‌كاندا، به‌ڵگه‌یه‌كی زیندووی خۆڕاگری و پته‌وی عێراق پێكده‌هێنێت .

له‌ كاتی داگیركردنی به‌غدا له‌ لایه‌ن مه‌غۆله‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵی 1258 ز، هۆلاكۆ ئه‌م ده‌زگا فێركردنه‌ مه‌زنه‌ی تاڵان كرد، كه‌ له‌سه‌رده‌می چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست له‌ ساڵی 1233 زایینی له‌ لایه‌ن خه‌لیفه‌ موسته‌نسر له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان له‌ ناوه‌ندی شاری به‌غدا و له‌ سه‌ر لێواری رووباری دیجله‌ دروست كرا، قوتابییه‌كان كوژران و كتێبه‌كانیش فڕێدرانه‌ ناو رووباری دیجله‌، ئه‌م كردانه‌ش جیاواز نین له‌وانه‌ی ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ به‌رزاییه‌كانی ڕێره‌وه‌ی زێی دیجله‌ له‌ نه‌ینه‌واو و موسڵ له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشەوە روویاندا پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌فت سه‌ده‌ و نیو.

ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا، نزیكه‌ی 450000 كتاب و ده‌ستنوسی تێدا بوو، موسته‌نسریه‌ جارێكی تر هه‌ڵسایه‌وه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی ته‌یمور له‌نگ دوو هێرشی تری مه‌غۆلی بینی و تیایاندا قوتابخانه‌كان دیسان تاڵان كرانه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای پشتگوێخستن و شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كانی ئه‌م ده‌یانه‌ی رابردوو، تا ئێستا باڵاخانه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ی ڕه‌سافه‌ی به‌غدا به‌سه‌ركه‌شی ماوه‌ته‌وه‌ وه‌كو شوێنێكی گه‌واهیده‌ر له‌سه‌ر رابردووی گه‌شی شاره‌كه‌.

هه‌ردوو رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌و زانست و رۆشنبیر (یونسكۆ ) و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عێراق (یونامی) پشتگیریی خۆیان پیشاندا بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی گشت زانكۆ و قوتابخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌كانی فێركردن ئه‌وانه‌ی دڕندایه‌تی داعش خاپوریان كردووه‌، هه‌روه‌ها هانی قوتابیان و مامۆستایان ده‌ده‌ن بۆ به‌رده‌وام بوونیان له‌سه‌ر خوێندن و چالاكییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی عێراق وه‌كو جاران به‌ مناره‌یه‌كی رووناككه‌ره‌وه‌ی رۆشنبیری و زانین بمێتێته‌وه‌ .

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI, UNESCO
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.