یەک شەممە, 02 تەمموز 2017 10:05

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ قوربانییانی مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٧

به‌غداد،عیراق، ١ی ته‌موزی ٢٠١٧:- به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی)یه‌وه‌ تۆمار كراون، به‌ تێكڕایی له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٧ به‌هۆی كاره‌ تیرۆریستییه‌كان و توندوتیژی و شه‌ڕی چه‌كدارییه‌وه‌ ٤١٥ مه‌ده‌نی عیراقی كوژراون و ٣٠٠ی تریش بریندارابوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی (كه‌ پۆلیس ناگرێته‌وه‌) ٤١١ كه‌سه‌ و ژماره‌ی برینداره‌كانیش (كه‌ ئه‌ویش پۆلیس ناگرێته‌وه‌) ٢٩٤ كه‌سه‌.

له‌و ژماره‌یه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، كه‌ به‌ركه‌وته‌ترین پارێزگایه‌، ‌ ٣٨٢ مه‌ده‌نی بوونه‌ته‌ قوربانی (٢٨٩ كوژراو و ٩٣ بریندار)‌ . دوای ئه‌و پارێزگای به‌غدا دێت كه‌ ئاماره‌كانی برتییه‌ له‌ ٢٢ كوژراو و ٨٨ بریندار و ئاماری پارێزگای سه‌لاحه‌دینیش ٣١ كوژراو و ٣٤ بریندار و دواتریش پارێزگای بابله‌ كه‌ ئاماره‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ ٢٤ كوژراو و ٢٦ بریندار.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ یونامی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی ئه‌نباره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتوون ، پارێزگایه‌كه‌ ژماره‌ی ٥٤ قوربانی داوه‌ ( ٢٠ كوژراو، ٣٤ بریندار). ئاماره‌كان تا رۆژی ٣٠ی حوزه‌یران تازه‌كراونه‌تنه‌وه‌.

لای خۆشیه‌وه‌ ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش داوایه‌كه‌ی بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ شه‌ڕدا دووپات كرده‌وه‌. ئه‌و كاره‌كانی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) له‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ست ‌ئامانجگرتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئیدانه‌ كرد كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ له‌ موسڵ ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێلن له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشانه‌ش كه‌ له‌ ناوچه‌كانی تری وڵاتدا دژی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن وه‌ك ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی كه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا له‌ بابل رویدا.

ئه‌و له‌مباره‌وه‌ وتی "له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كوتاییهاتنی داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عیراقه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌‌ كۆنه‌كانی شاری موسڵ، چه‌ندان خه‌ڵكی مه‌ده‌نی تا ئێستاش له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕدا له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه ‌وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كار ده‌هێنرێن. له‌ راستیدا، ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ ئه‌وپه‌ڕی بایه‌خی ئێمه‌دایه‌".

وێڕای ئاماژه‌كردنی به‌ كوژرانی ٣ رۆژنامه‌نوس، كه‌ دوانیان بیانین، و برینداربوونی و رۆژنامه‌نوسێكی تری بیانی له‌كاتی روماڵكردنی شه‌ڕی موسڵدا، به‌ڕێز كوبیش وتیشی "ئه‌وانه‌ رۆژنامه‌نوسی پیشه‌وه‌ری قاره‌مان بوون كه‌ گیان خۆیان له‌ پێناو به‌دواداچوون بۆ ده‌رخستنی مه‌ینه‌تیی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی و هه‌روه‌ها شه‌ڕی عیراق دژی تیرۆریستان به‌خت كرد ".

روونكردنه‌وه‌: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، یونامی رێگه‌ی پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئاماره‌كانی له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕدا لێگیرابوو. ئاماره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ درابوون له‌ راپۆرتی قوربانیانی مانگی ئایاریشدا ئاماژه‌یان پێكراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئاماره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ره‌نگه‌ راستی و دروستی ژماره‌كان ده‌رنه‌خه‌ن به‌هۆی ناله‌باری باری ئه‌منیی و پچڕانی خزمه‌ته‌كانه‌وه‌. یونامی له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا ته‌نها توانیویه‌تی كه‌ هه‌ندێك له‌ رووداوه‌كان به‌ شێوه‌ی هه‌نده‌كییانه‌ (ناته‌واو) پشتڕاست بكاته‌وه. هه‌روها یونامی چه‌ندان ژماره‌ی گه‌وره‌ی سه‌باره‌ت به‌ قوربانییان وه‌رگرتووه‌ كه‌ باس له‌ مردنی چه‌ندان كه‌س ده‌كه‌ن به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی توندوتیژییه‌وه‌ له‌ كاتی جێهێشتی ماڵوحاڵیان وه‌ك به‌هۆی توشبوونیان به‌ چه‌كداران یان بێ ئاوی و بێ خۆراكی و یانیش نه‌بوونی ده‌رمان و چاره‌سه‌ریی پزیشكی بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتڕاستیان بكاته‌وه. له‌سه‌ره‌تای كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی موسڵ و ناوچه‌كانی تری نه‌ینه‌وا‌شه‌وه‌، یونامی چه‌ندان راپۆرتی سه‌باره‌ت به‌ قوربانییانی مه‌ده‌نی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ به‌ڵا نه‌یتوانی له‌ كاتی خۆیدا پشتڕاستیان بكاته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ژماره‌كان پێویسته‌ به‌ لانیكه‌م وه‌ربگیرێن.

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI