سێ شەممە, 15 ئاب 2017 00:00

خولی ڕاهێنانی 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' بۆ لیژنە وەزارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربارەی جێبەجێکردنی پلانەکانی کاری مافەکانی مرۆڤ

هەولێر، عێراق / ١٤ی ئابی ٢٠١٧ : بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جیێەجێکردنی پلانەکانی کاری 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر'، کۆرسی ڕاهێنانی پێنج ڕۆژە بۆ لیژنە وەزارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، دەستی پێکرد. ڕاهێنانەکە بەشێکە لە پرۆگرامی پاڵپشتیی تەکنیکی بۆ دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوەیەکگرتووکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق(UNAMI HRO) و ڕێکخراوی یارمەتیی خەڵکی نەرویژی (NPA) و ڕێکخراوی فریاگوزاری گشتیی (PAO).



ئەم ڕاهێنانەی نێوان ڕۆژانی ١٣ بۆ ١٧ی ئاب، بە ناوونیشانی "میکانیزمە باو و ناباوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستن – 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' بە نمونە" جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانی کاری 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر'ی هەرێمی و نیشتمانی بەگوێرەی ئەو ڕێنمایییانەی عێراق پاڵپشتی لێکردووە لە خولی دووەمی 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤. بەشداربووان، لەگەڵ شارەزایان لە دامەزراوە وەزارییە پەیوەندیدارەکانەوە، بەدوای باشترین شێوازەوەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پلانەکانی کاری 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' لە ئاستی هەرێمی و فیدرالی، و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە نیشتمانیەکان دەربارەی بەرەوپێشچوونەکان و بەشداریی کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان لە پرۆسەکە، بەر لە خولی سێیەمی 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' لە عێراق کە نیاز وایە لە ٢٠١٩ ئەنجامبدرێت.

٢٩ بەشداربووی کۆرسەکە، ٢١ پیاو و ٨ ئافرەت، پێکهاتبوون لە ١٧ ئەندام لە لیژنە وەزارییەکانی عێراق، ٦ ئەندام لە کۆمیتەی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان، ٢ ئەندام لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و ٤ نوێنەر لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی بەشە جیاجیاکانی عێراق.

لە دەستپێکی خولەکە، بەڕێز حوسێن ئەلزوهێری، جێگری وەزیری داد لە حوکومەتی فیدرالی عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی ڕاهێنان و هاریکاری لەنێوان لایەنە هەرێمی و فیدرالییەکان کردەوە کە کار لەسەر بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر' دەکەن. بەڕێز دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان، جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەمەبەستی چنگخستنی دەرەنجامی باشتر، کردەوە.

بەڕێز زیتۆ سیانی، لە ئۆفیسی مافی مرۆڤی نێردەی ناتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی بتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی 'پێداچوونەوەی خولی گشتگیر'، هەروەها باسی لە جۆرەکانی ئەو پاڵپشتییە تەکنیکییانە کرد کە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقی دابینی کردووە لەڕێگەی خولەکانی ڕاهێنانی تایبەت و گفتوگۆکانی سەبارەت بە بەکاربردنی باشترینی شێوازەکان لەسەر ئاستی فیدرالی و هەرێمی.

****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.