یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 11:30

یونامی خولێکی ڕاهێنان دەربارەی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان ئەنجام دەدات

كه‌لار ، ئیدارەی گه‌رمیان، عیراق، ٣ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧:- نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامی، له‌ چوارچێوه‌ی یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌كانی بۆ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ عیراقدا، خولێكی "راهێنانی راهێنه‌رانی سه‌باره‌ت به‌ شێوازه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و گه‌شه‌دان به‌ مافه‌كانی مرۆڤ"ی له‌ شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولای پارێزگای دیاله‌ ئه‌نجامدا.

نوسینگه‌كه‌ پلانی راهێنانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌یمانگای چاكسازیی بۆ گه‌شه‌پێدان و به‌پاڵپشتیی دارایی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدان (یو ئین دی پی) دانا. به‌شداربووان بریتی بوون له‌ ٧ ژن و ١٣ پیاوی چالاكوان و ئه‌كادیمی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. خولی راهێنانه‌كه‌ گه‌شه‌ به‌ شاره‌زایی به‌شداربووان ده‌دا له‌ بواری پلاندانان و گه‌یاندن و هه‌ڵسه‌نگاندنی خوله‌كانی راهێنان. راهێنانه‌كه‌ له‌ ٢-٥ی تشرینی یه‌كه‌م بەڕێوەچوو.

له‌ میانی خولی ده‌سپێكیشدا، نوێنه‌ری نوسینگه‌كه‌، به‌ڕێز زه‌یتۆ سیانی، ده‌ستخۆشی له‌رۆڵی گه‌وره‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كرد له‌ گه‌شه‌دان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و فه‌راهه‌مكردنی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ كۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌كاندا لەگه‌ڵ تاوتوێكردنی هه‌وڵه‌ نه‌پساوه‌كانی ئه‌و نوسینگه‌یه‌ بۆ په‌ره‌دان به‌ تواناكانی ئاكته‌ره‌كانی حكومه‌ت و دادوەری و یاسادانان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان.

یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی خوله‌كه‌ش‌ به‌ناوی هه‌ردی ئه‌حمه‌د، وێڕای ئاماژه‌كردنی به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ راهێنانی ئه‌وها پێشكه‌وتوو له‌م شارۆچكه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، وتی "ئێمه‌ ده‌ستخۆشی له‌ رۆڵی ئه‌و نوسینگه‌یه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م راهێنانه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌سوودی له‌سه‌ر گه‌شه‌دان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌بێت ".

هه‌ماهه‌نگسازی پرۆژه‌كه‌ش، به‌ڕێز كۆشش موحه‌ممه‌د، وتی ناوچه‌كه‌ به‌ڕاستی پێویستی به‌م جۆره‌ توانادروستكردنه‌ هه‌یه‌. ئه‌و تێبینی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ چالاكوانه‌كانیش ناوه‌ ناوه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی تاك به‌شدارییان له‌ راهێنانی له‌وجۆره‌دا‌ كردووه‌ به‌ڵام هه‌رگیز له‌ جه‌له‌ولا نه‌بووه‌. ئه‌و زیاتر وتی كه‌ ئه‌م خوله‌ی راهێنانه‌ هه‌لێكی زێڕین بوو بۆ راهێنانی كۆمه‌ڵێك چالاكوان بۆ ئاماده‌كردنیان بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ببنه‌ راهێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن په‌یامه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رانه‌ بگه‌یه‌نن و له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤیشدا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هاب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.