چوار شەممە, 07 ئازار 2018 21:39

وته‌ی به‌ڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، له‌ كۆنفرانسێكی باڵای "جێبه‌جێكردنی پلانی كاری نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان"ی په‌یوه‌ست به‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

به‌غدا، ٧ی ئاداری ٢٠١٨

زۆر به‌ڕێز جه‌نابی د. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق،

زۆر بەڕێز د. مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران،

زۆر به‌ڕێز د. زیكرا عه‌لوه‌ش ئەمینداری به‌غدا و سه‌رۆكی لێژنه‌ی پێشڤه‌چوونی ژنان،

زۆر به‌ڕێز خاتو په‌خشان زه‌نگه‌نه،‌ سكرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،

به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی لیسته‌كان،

پارێزگارە بەڕێزەکان

بەڕێزان نوێنەرانی دیپلۆماسی

به‌ڕێزان نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی،

میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان،

من شەرەفمەندم بە بەشداری کردن لەو کۆنفرانسە باڵایە لەسەر جێبەجێکردنی پلانی كاری نیشتمانیی پەیوەست بە بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئه‌مساڵ رۆژی جیهانی ژنان له‌ عیراق دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت "خه‌لافه‌تی داعش" لەڕێگەی هەوڵە مەردانەکانی خەڵکی عیراق و هێزە چەکدارەکان بە سەرکردایەتی فەرماندەی گشتی سەرۆک وەزیران عەبادی و بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی ئافرەتان دێت و لە هەمان کاتدا پرۆسەی سەقامگیرکردن و بنیادنانەوە و ئاشتەوایی و دادپەروەریی و ڕێگەگرتن بە ئایدۆلۆژیای توندڕەو و ڕق و کینەی داعش لە ئارادایە. هەروەها پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان دێت كه‌ پێویسته‌ گشتگر و پڕبه‌شداری بێت. ئه‌وه‌ش زۆر پێویسته‌ كه‌ ژن رۆڵێكی سه‌ره‌كی و به‌شدارییه‌كی ماناداری لە هەڵبژاردنەکان و له‌ داڕشتنی عیراقی دوای داعشدا هه‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌یی و رێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ به‌ مافه‌كانی ژنان و به‌تواناكردنیشیانه‌وه‌. ئافرەتان دەنگ و سەدای بنیادنانەوە و دادپەروەریی و چاکسازی و گەشەپێدانن.

با له‌م بۆنه‌یه‌دا یادی ئه‌و هه‌زاران ژن و كچانه‌‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ یان كوژران و یانیش له‌سه‌ر ده‌ستی چەپەڵی تیرۆرستانی داعش تووشی كۆیلایه‌تیی سێكسی و ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژیی سێكسی بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌ تاێستا بێ سه‌روشوێنن. ‌با به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش بده‌ین ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان دێت بۆ رزگاركردینان بیكه‌ین. هه‌روه‌ها ‌با یادی رزگاربووان و منداڵه‌كانیشیان بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش تووشی مه‌ینه‌تی و كاره‌ساتی رۆژانه‌ بوونه‌وه‌، با یارمەتییان بدەین بە کەم کردنەوەی ئازارەکانیان و داهاتوویەکی سەلامەت و پڕشکۆیان بۆ دابین بکەین. لەمبارەوە، من دەستخۆشی لە هەوڵەکانی حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگەپێگرتنی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا، نمونەش بریتییە لە چەسپاندنی پلانی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی هاوبەش بۆ پێشپێگرتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا. سه‌ردانه‌كی ئه‌م دواییه‌ی خاتو پامێلا پاتنی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی بۆ توندوتیژیی سێكسی له‌كاتی جه‌نگدا گرنگیی دڵنیابوون ده‌رده‌خات له‌وه‌ی ئه‌نجامده‌ران تووشی سزای خۆیان ده‌بن نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر تاوانی تیرۆر به‌ڵكوو له‌سه‌ر تاوانی توندوتیژیی سێكسی كه‌ دژی ژنان و منداڵانی عیراق ئه‌نجام دراوه‌ هه‌ر له‌ رفاندن و ده‌ستدرێژیی سێكسی و كۆیلایه‌تیی سێكسی تا ده‌گاته‌ به‌ زۆر به‌ شوودان. پێویستە سیاسەتێک دابڕێژرێت بۆ ئافرەتان لە هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکان تاکو بەشدارییان پێبکرێت لە پرۆسەکاندا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژی بنبڕدەکرێت.

میوانانی به‌ڕێز،

پێویستە ڕابەرایەتی ئافرەتان و پێشکەوتنی مافی ئافرەتان لە پێشەنگی کارکردن بۆ ئاشتی و ئاسایشدا بن. لە سەردەمێکدا کە گروپی تیرۆرستی وەکو داعش وەلانان و توندوتیژی دژی ئافرەت و کچانیان لە سەرەوەی بەرنامەی خۆیاندا داناوە، وەڵامی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپانە و ڕەشکردنەوەی ئەو کلتورە قێزەوەنەیان دەبێ بەوە بێت کە بەتواناکردنی ئافرەتان و کچان لەسەرەوەی بەرنامەی کاری خۆماندا دابنێین. ئێمە نابێت وەکو قوربانی بێ دەسەڵات سەیری ئافرەتان و کچان بکەین، بەڵکوو وەکو سەرکردە و فاکتەری ئەرێنی سەیربکرێن. ئەو ئافرەتانی کە بە شێوازی جیاجیا کاریگەری جەنگی داعشیان لەسەربووە دەبێ لە پرۆسەی چارەسەرکردنی ئارێشە بەشداربن و بەشێکیش بن لە پرۆسەکانی ئاشتەوایی لە عیراقدا.

من ده‌ستخۆشی له‌و پێشكه‌وتنه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی "پلانی كارپێكردنی نیشتمانیی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌دی هاتووه‌ ، سه‌رباری به‌ربه‌سته‌كان به‌ ئی بودجه‌شه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراندنی "تیمی نیشتمانی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی په‌یوه‌ست به‌ ژن و ئاشتی و ئاسایش"ه‌وه‌ ده‌كه‌م‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تی سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران . ئه‌وه‌ش گرنگه‌ كه‌ بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی "پلانی كاری نیشتمانیی عێراقی" ته‌رخان بكرێت. ئامادەسازی ئەو پلانەش پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سێکتەرەکان هەیە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی کە پلانی ڕابردوو ئەزموون بەخشبوون بە لایەنی باش و خراپیەوە وە هەروەها ئەمەش بەشێک بێت لە پلانی کاری داهاتوو.

" پلانی كاری نیشتمانیی عێراقی"ی داهاتوو پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كانی تردا كه‌ پێشتر له‌ عیراق له‌ئارادبوون وه‌ك چاكسازیی كه‌رتی ئاسایش و دادوه‌ری و لێپێچینه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی ئاشته‌وایی و جێبه‌جێكردنی پلانی راگه‌یاندنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پێشپێگرتن و به‌هاناوه‌چوونی توندوتیژیی سێكسیی په‌یوه‌ست به‌ جه‌نگ‌ و چاكسازیی ئابوری و به‌تواناكردنی ژنانه‌وه‌. ئەوەی جێگەی بایەخە دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئەم هەوڵانە کاری تەواوکاری یەکتربن نەوەک لە پێشبرکێدا بن لەگەڵ یەکتری.

میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان،


پێویستە ئافرەت لە پێگەی سەرکردایەتی عیراقدا بوونیان هەبێت. هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەوەی ئافرەت لە پلە و پۆستی بەرز نەبێت، بە تایبەتی لە عیراق کە بە مێژوو و کلتووری دەوڵەمەند و فرەڕەنگی و فرەنەتەوەیی و لێبووردەیی ناسراوە. لە ڕۆژهەلانی ناوەڕاستدا، عیراق یەکەم وڵات بووە کە وەزیر و دادوەر و فرۆکەوانی ئافرەتی هەبووە.

به‌داخه‌وه‌ رۆڵی ژن له‌ عیراق به‌هۆی چه‌ندان ساڵی شه‌ڕه‌وه ‌به‌ رادده‌یه‌كی زۆر پاشه‌كشه‌ی كردووه‌. قه‌ڵاچۆكردنی به‌ربه‌سته‌ نه‌ریتییه‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م رۆڵی ژنان و به‌شدارییان له‌ بواره‌ سیاسی و ئابوورییه‌كاندا له‌ راستیدا ته‌حه‌ددییه‌. ئێمه‌ له‌ سه‌ر به‌دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی جیاكاری به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكه‌ین. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ پێویسته‌ پشتگیری لە ڕابەرانی ئایینی بکەین و پرسیار له‌ دید و هه‌ڵویستی ئاینه‌كان بکەین.

نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیی ژنان و به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا هێشتا هه‌ر لاوازه‌ به‌و پێیه‌ نوێنه‌رایه‌تییان له‌ پله‌ باڵاكاندا زۆر كه‌مه‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ زیاتر به‌هێز بكرێت. به‌تایبه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ ژنان ده‌نگێكه‌ بۆ گۆڕانكاری و به‌شدارییشیان ژنان هه‌ر به‌ رووكه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ پێكهاته‌ی پارته‌ سیاسییه‌كاندا روونه‌دات.

لە ئێستادا، ڕیژەیەکی کەمی ئافرەتان لە پۆستە باڵاکان هەن لە ئاستی نیشتیمانی و پارێزگاکاندا و لە دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش هیچ ئافرەتێک نیە، هەموو پارێزگارەکانی عیراق پیاون، نوێنەرایەتی ئافرەتان لە ئەنجومەنی دادوەری سنووردارە، تەنها دوو ئافرەت لە کابینەی ئێستادا هەن و زۆر بەدەگمەنیش ئافرەت دەبێتە سەرۆکی لیژنە سەرەکییەکانی پەرلەمان.


له‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنیشدا، به‌شداریی كاریگه‌رانه‌‌ و ماناداری ژنان له‌ گفتوگۆیه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت مانای نیشاندانی پابه‌ندییه‌ به‌ به‌شداریی سیاسییانه‌ی ژنانه‌وه‌ بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و نوێنەرایەتی کردن و بەشداریپێکردن. ئه‌مه‌ش هه‌م نوێنه‌رایه‌تییان له‌ كابینه‌ی حكومیدا دابین ده‌كات و هه‌م نیگه‌رانییه‌كانیان كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ و هه‌میش دید و بۆچوونیشیان له‌ به‌رنامه‌ی داهاتووی حكومه‌تدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.

كاراكردنی یاسایه‌ك بۆ پاراستن و به‌ره‌وپێشبردن و مسۆگه‌ركردنی مافی ژنان له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانیی گشتیدا و هه‌روه‌ها پاراستنیان له‌ هه‌موو جۆره‌كانی جیاكاری و توندوتیژی پێویسته‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو بێت له‌ به‌تواناكردنی ژنان. ئه‌نجومه‌نی داهاتووی نوێنه‌ران پێویسته‌ ده‌ست به‌ چه‌ندان چاكسازیی یاسایی بكات به‌تایبه‌تیش له‌و یاسایانه‌ی كه پاڵپشتی توندوتیژی و جیاكاریی دژی ژنان ده‌كه‌ن.

سوپاس بۆ گوێگرتنتان.

(وەرگێڕانی نافەرمی)

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.