پێنج شەممە, 10 ئایار 2018 20:04

بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کاربەدەستانی پارێزگای سەڵاحەددین کۆدەبێتەوە و جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەکاتەوە

تکریت، عیراق، ١٠ی ئایاری ٢٠١٨- بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق سەردانی پارێزگای سەڵاحەددینی کرد، کە یەکێک بووە لە قوربانییە سەرەکییەکانی دەست تیرۆرستانی ئەلقاعیدە و داعش، و جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو لە کەشێکی ئارام و سەلامەت بەبێ تۆقاندن و پاڵەپەستۆی هیچ لایەنێک.

سەردانەکەی بۆ شاری تکریت و سامەڕا لە رۆژی چوارشەممەی بەرواری ٩ی ئایاری ٢٠١٨دا بەشێکە لە زنجیرە سەردانێک بۆ هەموو پارێزگاکان لە سەرتاسەری وڵات بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پێش هەڵبژاردن و ئامادەسازی بۆ پرۆسەکە و هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی پێویستییەکان و کارە لە پێشینەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چۆنیەتی هاوکاریکردن لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن و قۆناغی دوای تێکشکاندنی سەربازیی تیرۆرستانی داعش.

هەر لە شاری تکریتدا، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی کەوت بە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەندامانی تری ئەنجوومەن. لە میانەی کۆبوونەوەکاندا، باس لە باری ئاسایش و سیاسی گشتی لە پارێزگاکە و ئاستی ئامادەسازییەکان بۆ هەڵبژاردن، بە تایبەتیش ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ دەنگدانی ئاوارە ناوەخۆییەکان کرا. بە هەمان شێوە چەند بابەتێکی تری وەک ڕێگەچارەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان و ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگەکان و هۆزەکان لە توزخورماتو و چەند ناوچەیەکی تری پارێزگای سەڵاحەددین خرانە بەر باس. لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرەڕای دەستخۆشییان بۆ ئامادەسازییەکان بۆ هەڵبژاردن و کەشی هێمنانە بە شێوەیەکی گشتی، نیگەرانی خۆیان دەربارەی حاڵەتەکانی تۆقاندنی دەنگدەران لەلایەن چەند گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەربڕی. هەروەها نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکە کۆبووەوە.

بەرێز کوبیش تیشکی خستەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە بەشداریکردنی فراوانیشەوە و ڕایگەیاند کە مافی دەنگدەرانە لە کەشوهەوایەکی دیموکراسییانە و بەشێوەیەکی سەربەستانە نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن. بەڕێزیان هانی هاووڵاتییانیدا کە دانابن لە دەنگدان و ئەو نوێنەرانە بنێرنە ئەنجوومەنی نوێنەران کە کار بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەکەن. بەڕێزیان ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ دابینکردنی هاوکاری بە شێوەیەکی ئامانجدار و لە چەند بوارێکی گرنگ بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان و بووژاندنەوە و بنیادنانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پارێزگاری و پەرەپێدان لەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستییان پێیە لە قۆناغی دوای داعشدا.

لە سامەڕاش، بەڕێز کوبیش لەگەڵ قایمقام کۆبووەوە و لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا کورتەیەکی دەربارەی ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و ئالنگارییە ئەمنییەکانی بۆ باسکرا.

بەڕێزیان سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی ئەلهادی و ئیمام حەسەن ئەلعەسکەری و مزگەوتی گەورەی سەدەی نۆیەم و منارە پێچاوپێچە بەناوبانگەکەی و شوێنە ئیسلامییە پایە بەرزە دێرینەکانی عیراقی کرد. مەزارگەی ئیمامەکان، کە لە ساڵی ٩٤٤دا دروستکرابوو، لەلایەن تیرۆرستانی ئەلقاعیدە لە ساڵی ٢٠٠٦دا ڕوخێندرا، بەڵام ئێستا نۆژەنکراوەتەوە و فراوانتر دەکرێت.

بەڕێز کوبیش وتی: "دروستکردنەوەی قوببە زێڕینەکەی مەزارگەکە تیشکێکی بریسکەدارە لە هیوا و گەشبینی بۆ داهاتووی عیراق. تیرۆرستان ناتوانن زاڵبن. ناتوانن سەرکەوتن بەسەر خۆڕاگری هاووڵاتییانی عیراقیدا بەدەست بێنن چونکە ئەوان ڕشتن لەسەر بنیادنانەوەی عیراقێکی یەکگرتوو وەک ماڵێکی پڕ لە ئاشتی و لێبوردەیی و سەرفرازیی بۆ هەمووان، تاکو کەلەپوور و شارستانیەت و کلتووری هەزاران ساڵەی خۆیان بپارێزن کە بۆ عیراق و ئیسلام و مرۆڤایەتی زۆر گرنگن."

***

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.