پێنج شەممە, 17 ئایار 2018 15:56

یونامی، به‌ مه‌به‌ستی ناساندنی كاره‌كان و په‌ره‌دان به‌ تێگه‌یشتنی دولایه‌نه‌، میوانداریی قوتابیانی كوردستان ده‌كات و سه‌ردانی زانكۆیه‌كان ده‌كات گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

هه‌ولێر، ١٧ی ئایاری ٢٠١٨:- به‌مه‌به‌ستی خۆناساندن به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ باسكردنی رۆڵ و چالاكییه‌كانی، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) زنجیره‌یه‌ك كار و چالاكی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی گه‌نج ئه‌نجام ده‌دات بۆ گه‌شه‌دان به‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و داڕشتنی چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌روه‌ها بۆ گوێگرتن له‌ بیروبۆچوون و نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵكی ئاسایی.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ١٨ی نیسانی ٢٠١٨‌ له‌ هه‌ولێر ، نوسینگه‌ی هه‌رێمایه‌تیی یونامی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق میوانداریی قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی ئیشكی كرد. به‌ڕێز ریكاردۆ رۆدریگوز، به‌رپرسی نوسینگه‌كه‌،پوخته‌یه‌كی له‌ كاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو. هه‌ر له‌م چالاكییه‌دا، به‌ڕێزان به‌دره‌دین مه‌حمود و زیتۆ سیانی له‌ به‌شه‌كانی كاروباریی مرۆیی و مافی مرۆڤ به‌ ریزبه‌ندی باسیان له‌ ماندێتی نێرده‌كه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ كرد كه‌ په‌یوندییان به‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ و كاروباره‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

٢٤ قوتابی ( ٩ كوڕ و ١٥ كچ) به‌ یاوه‌ری د. دلشاد حه‌مه‌د، به‌رپرسی په‌یوه‌ندنییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ زانكۆی ئیشك، به‌ ناو به‌شه‌كانی یونامیدا گه‌ڕانێكیان ئه‌نجامدا و راسته‌وخۆش له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی بیانی و خۆماڵی باس و گفتۆگۆیان كرد.

به‌ڕێز رۆدریگۆ وتی كه‌ یونامی هاوكارییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌زگا حكومییه‌كاندا هه‌یه‌. سه‌ركردایه‌تیی نێرده‌كه‌ سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رپرسان كۆ ده‌بنه‌وه‌ و به‌شه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی یونامیش راهێنان بۆ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ نمونه‌ سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و جێنده‌ر. شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش، نوسینگه‌ی سیاسیی نێرده‌كه‌ش له‌گه‌ڵ پارته‌ سیاسییه‌ جۆراوجۆره‌كان و كه‌مینه‌نه‌ته‌وه‌كان كۆ ده‌بێته‌وه‌ بۆ گوێگرتن له‌ راو و بۆچونیان. له‌مه‌ش زیاتر، نوسینگه‌ی مافی مرۆڤ له‌ هه‌ولێر چه‌ندان سیمینار و ئه‌نجامداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق بۆ ده‌زگاكانی وه‌ك زانكۆی كوردستان و زانكۆی سه‌لاحه‌دین و زانكۆی جیهان له‌ هه‌ولێر. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پلان بۆ چه‌ندان سیمیناری تریش له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بۆ زانكۆكانی تر دانراوه‌.

به‌ڕێز رۆدریگۆ باسی له‌وه‌ش كردكه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ خزمه‌تی كار و چالاكییه‌كانی یونامیدان‌ به‌ڵكوو ده‌بنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ یونامیش بیروبۆچوون و نیگه‌رانییه‌كانیانی خه‌ڵك‌ بزانێت.

له‌مباره‌وه‌ به‌ڕێز رۆدریگۆ رووی له‌ قوتابییه‌ ئاماده‌بووان كرد و وتی "ئه‌مه‌ بۆنه‌یه‌كی خۆشه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆی ئیشك كۆده‌بینه‌وه‌. تاوتوێی زۆر چڕوپڕمان سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی یونامی و بۆچوونی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ ئه‌نجامدا. هه‌روه‌ها بۆنه‌یه‌كیش بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئێمه‌ش له‌ ئێوه‌وه‌ فێربووین. قوتابیانی وه‌ك ئێوه‌ ئاینده‌ی وڵات و كۆمه‌ڵگاكه‌تان داده‌ڕێژن."

لای خۆشیه‌وه‌، به باسكردنی ئه‌زمونی فێربوونی قوتابییه‌كانی، به‌ڕێز حه‌مه‌د، مامۆستای زانكۆی ئیشك، وتی "له‌ راستیدا ئه‌م سه‌ردانانه‌ زۆر گرنگن به‌و پێیه‌ی یارمه‌تی قوتابیان ده‌ده‌ن بۆ ئاویته‌كردنی بابه‌ته‌ تیۆرییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كرده‌نی له‌ جیهانی راسته‌قینه‌دا. هه‌لێكی زۆر ناوازه‌ بوو بۆ قوتابیانی ئێمه‌ له‌ به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ یونامی كۆببنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا و بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی گه‌رموگوڕ تاوتوێی كار و چالاكییه‌كانی یونامی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن."

یونامی له‌ زانكۆیه‌كان ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تی خۆناساندن كردووه‌. له‌ ٩ی ئایاری ٢٠١٨شدا، به‌ڕێز رۆدریگۆز سه‌ردانی زانكۆی كوردستانی كرد له‌ هه‌ولێر و چاوی به‌ مامۆستایان و قوتابیان ئه‌و زانكۆیه‌ كه‌وت بۆ باسكردنی ئه‌ركی پێسپێردراو(ماندێت)ی یونامی و چالاكییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا. له‌م سه‌ردانه‌دا، ١٥ قوتابی كوڕ و ١٠ قوتابی كچ و مامۆستایان بواری پرسیاركردنیان هه‌بوو سه‌باره‌ت، بۆ نمونه‌، هه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌مبه‌ر گشتپرسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ یارمه‌تیی دارایی.

له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌ڕێز رۆدریگۆز باسی له‌رۆڵی ئه‌ندامه‌ جۆراوجۆره‌كانی خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عیراق و یونامی و ئاژانسه‌كانی تر كرد كه‌ له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ئه‌ركی مرۆیی ده‌بینن. ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ یونامی نێرده‌یه‌كی سیاسیی پێشه‌نگه و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا درێژه‌ به‌ كاركردنی ده‌دات به‌ پێداگرتن له‌سه‌ر گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌كردنی هه‌موو پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

سارا سه‌لاحه‌دین موسته‌فا، مامۆستای به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وتی كه‌ "كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر به‌سوود و كرده‌نی بوو له‌و رووه‌ی كه‌ هه‌م قوتابیان و هه‌میش مامۆستایان زۆر به‌م سه‌ردانه‌ خۆشحاڵ بوون. ئێمه‌ به‌ تاسه‌وه‌ ئاره‌زووی هاوكاریی ئاینده‌ین".

وێنه‌كان
https://www.flickr.com/photos/uniraq/albums/72157696295433804 

له‌لایه‌ن: ره‌شوان ساڵح و سیلیا تۆمسۆن ، نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی گشتیی یونامی


***
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.