چوار شەممە, 30 ئایار 2018 00:00

بەڕێز كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق:هه‌ڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی له‌ كه‌شێكی ئارام و جێگیردا به‌ڕێوه‌چوو، داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنەکانی کرد تا سكاڵا‌كان له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ یاساییه‌ به‌ركاره‌كانه‌وە یه‌كلایی

نیۆرك، ٣٠ ئایاری ٢٠١٨- له‌ وتاره‌كه‌یدا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بەڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، ڕایگەیاند كه‌ هه‌ڵبژاردنی نیشتمانی له‌ ١٢ی ئایاردا تاراده‌یه‌ك له‌ كه‌شێكی ئارام و جێگیردا به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و داوای له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان و هه‌واداره‌كانیشیان كرد بۆ پاراستنی ئاشتی به‌و پێیه‌ی سكاڵایه‌كان پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ یاساییه‌ به‌ركاره‌كانه‌وه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌ و هه‌روه‌ك چۆن داوای له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كرد بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سكاڵایه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێك وپێك و ته‌واو و خێرا بۆ ئه‌وه‌ی گیروگرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و دادوه‌ری و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی خێرای ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانیش بێنه‌دی.

به‌ڕێز كوبیش باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان، به‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه‌، به‌ ئاشكرا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان قبوڵ كردووه‌ به‌ڵام سه‌ركرده‌ی چه‌ند پارتێكی تر، به‌ جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌، نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند كه‌م وكوڕییه‌كی ته‌كنیكیی په‌یوه‌ست به‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی ساختەکاری و تۆقاندنی ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن هه‌ندێ هێزی چه‌كدار و ده‌ستوه‌ردانی سیاسییه‌وه‌.

به‌ڕێز كوبیش له‌مباره‌وه‌ وتی "ئێمه‌ درێژه‌ به‌ داواكارییه‌كانی خۆمان ده‌‌ده‌ین بۆ پارته‌ سیاسییه‌كان و هه‌وادارەكانیان بۆ پاراستنی ئاشتی به‌و پێیه‌ی سكاڵایه‌كان پێویسته‌ له‌رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ یاساییه‌ به‌ركاره‌كانه‌وه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌. من داوا له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌كه‌م بۆ پاراستنی بێخه‌وشی كه‌ره‌سه‌ و ئامێره‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ و پابه‌ندیی ته‌واو به‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ گرتنه‌خۆی چه‌ند رێوشوێنێك بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رانه‌ له‌ تانه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ چه‌ندان بنكه‌ی ده‌نگداندا. ئێمه‌ هه‌روه‌ها داوا له‌ ده‌سته‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنیش ده‌كه‌ین بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌موو سكاڵایه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك و خێرا بۆ ئه‌وه‌ی فریای چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته‌كان بكه‌ون و دادوه‌ری و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدای ئه‌نجامه‌كانیش بێنه‌دی".

ئه‌و ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی له‌ ئامێر و شاره‌زایی دووپات كرده‌وه‌ بۆ پشتگیریكردنی هه‌ر چالاكییه‌ك یان هه‌ر رێوشوێنێك گه‌ر داوای لێ بكرێت بۆ پاراستنی متمانه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا به‌گرتنه‌خۆی كه‌ركوكیشه‌وه‌ له‌به‌ر رۆشنایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی داهاتوو له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ دواتردا.

ئه‌و باسی له‌ كه‌میی رێژه‌ی به‌شداربوونیش كرد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كه‌ بریتی بوو له‌ سه‌دا‌ ٤٤،٥٢ به‌ گوێره‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش دابه‌زینێكی به‌رچاوه‌ به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو له‌ عیراقدا له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌. ئه‌مه‌ش هۆشدارییه‌كی قورسه‌ بۆ ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕه‌وا له‌ ساڵی ٢٠٠٣ه‌وه‌ و هه‌روه‌ك چۆن بانگه‌وازێكی ئاشكراشه‌ بۆ نوێنه‌رانی پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكدا بن.

ئه‌و وتی "من داوا له‌ ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕه‌وای عیراق ده‌كه‌م بۆ گوێگرتن له‌م هۆشدارییانه‌ و هه‌ڵێنجانی ئه‌نجامی پێویست سه‌باره‌ت به‌ باشكردنی فه‌رمانڕه‌واییان و دابینكردنی دادوه‌ری بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ دیموكراسی و لێپیچینه‌‌وه‌ و حوكومكردنی باشی خاڵی له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌شبه‌شێنه‌ی تایه‌فی و خزمخزمێنی و دامه‌زراندنی ناشایستانه‌."

له‌ پوخته‌ وتاره‌كه‌یدا، به‌ڕێز كوبیش باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵمه‌تی ناوزراندن به‌ مه‌به‌ستی لێدان له‌ خۆهه‌ڵبژاردنی ژنان، كه‌ ئه‌و به‌ توندی ئیدانه‌ی كردووه‌، چه‌ندان به‌ر‌بژاری ژن توانیان ده‌نگی زۆر باش له‌ ناو قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندا به‌ده‌ست بێنن و به‌مه‌ش ١٩ یان ببنه‌ ‍ئه‌ندام له‌ په‌رله‌مانی تازه‌دا.

بەڕێزیان، وێڕای داواكردن له‌ سه‌ركرده‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ دابینكردنی به‌شداریی ته‌واوی ژنان له‌ دانوستانه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تییان له‌ به‌رزترین ئاستدا له‌ پرۆسه‌ی بڕیاردانی سیاسیی لە عیراقدا، وتی "پێشبینیه‌كانی ئێمه‌ بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێژه‌ی ٢٥٪ ، كه‌ ئێستا ٨٣ كورسی بۆ ژنان مسۆگه‌ر كردووه‌، نزمترین ژماره‌ و رێژه‌یه نه‌ك ئه‌وپه‌ڕیه‌تی." ‌

به‌ پێداگرتنی له‌سه‌ر سه‌رلیستیكردنی گفتوگۆیه‌كی ناتایه‌فییانه‌ بۆ دابینكردنی پێكهێنانی خێرای حكومه‌تێكی نیشتمانیی تازه‌ی راسته‌قینه‌ كه‌ بتوانێت داوایه‌كانی خه‌ڵكی عیراق جێبه‌جێ بكات، به‌ڕێز كوبیش له‌ كۆتاییدا داوای له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان كرد كه‌ له‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردندا ده‌ستكه‌وتی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ئێستا.

***

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.