شەممە, 02 حوزەیران 2018 09:32

لێدوانی سەرۆکی پۆلەندی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئایار دەربارەی عیراق

نیویۆرک، ٣١ی ئایاری ٢٠١٨ – دوابەدوای گفتوگۆکردن دەربارەی راپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی عیراق و وتەی بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی دەربارەی بارودۆخی عیراق لە بەرواری ٣٠ی ئایاری ٢٠١٨، سەرۆکی پۆلەندی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئایاری ٢٠١٨ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە:

" ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پیرۆزبایی لە خەڵکی عیراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ١٢ی ئایار بەشێوەیەکی ئارام و سەرکەوتووانە. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی عیراق بوو لەپاش سەرکەوتنە سەربازییەکەیان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام کە بە (داعش)یش ناسراوە.

ئەندامانی ئەنجوومەن داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن کە پێکەوە کاربکەن بۆ پاڵپشتیکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەروەها داواش لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن کە لێکۆڵینەوە لە هەموو تانە بەڵگەدارەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردن و دووپاتکردنەوەی یەکڕیزی نیشتیمانی و شکۆ و سەربەخۆیی عیراق.

لەمبارەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر گرنگیی ئاشتەوایی نیشتیمانی و بەشداری پێکردن لە دامودەزگا نیشتیمانییەکان و بەشداری تەواوی ئافرەتان و لێپێچینەوەی یاسایی و ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی و پاراستنی بەهاکانی لە دەستووری عیراقیدا هاتووە.

لە کۆتاییدا، ئەندامانی ئەنجوومەن پاڵپشتی خۆیان کردەوە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (UNAMI) و بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.