پێنج شەممە, 31 ئایار 2018 00:00

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرێز کەریم ئەسەد ئەحمەد خانی بەریتانی وەک ڕاوێژکاری تایبەتی تیمی لێکۆڵینەوە دادەمەزرێنێت، کە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ی ئەنجومەنی ئاسایش پێکهێنرا - وەرگێڕانی نافەرمی

ئەمڕۆ بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوترێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستنیشانکردنی بەڕێز کەریم ئەسەد ئەحمەد خانی بەریتانی وەک ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند. ئەو تیمە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ی ئەنجومەنی ئاسایش پێکهێنرابوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێوخۆییەکان بۆ ئیدانەکردنی ڕێکخراوی داعش لە ڕێگەی کۆکردنەوە و پاراستن و هەڵگرتنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش لە عیراق کە لەوانەیە کەیسی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و گینۆسایدیان لێ دروست بێت کە لەلایەن گرۆپی تیرۆرستی داعشەوە لە عیراق ئەنجامدراون.

بەڕێز خان دەبێتە یەکەمین سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە. ئەو باریسەتەیە (بەرزترین پلەی پارێزەر) و راوێژکاری شاژنە لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای گەورە و ئێرلەندای باکور. بەڕێزیان زیاتر لە ٢٥ ساڵ ئەزموونی پرۆفیشناڵی هەیە وەک پارێزەر لە بواری یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ. بەڕێز خان ئەزموونێکی زۆری هەیە وەک داواکاری گشتی و راوێژکاری قوربانیان و پارێزەری بەرگری لە دادگا باڵاکانی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتی وەک دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە رواندا و دادگای باڵای نێودەوڵەتی لە یوگۆسلافیای پێشوو و ژووری نائاسایی لە دادگاکانی کەمبۆدیا و دادگای باڵاتی تایبەتی لوبنان و دادگای تایبەتی سیرالیۆن.

بەڕێز خان خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی (شانازی)یە لە بواری یاسا لە کینگز کۆلێج لە زانکۆی لەندەن و چەندان بڕوانامە و لیهاتوویی تر. بەڕێز خان لە بواری یاسای ئیسلامی هەم خوێندوویەتی و هەمیش وانەی وتۆتەوە و چاندان بڵاوکراوەی هەیە لە بوارەکانی دادی تاوانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ.

نیویۆرک، ٣١ی ئایاری ٢٠١٨

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.