چوار شەممە, 04 تەمموز 2018 11:40

یونامی هه‌ڵمه‌تی "بۆ نا" له‌ بابل راده‌گه‌یه‌نێت بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌شداریی زیاتری ژنان له‌ حكومه‌ت و ده‌زگا نیشتیمانییه‌كانی داهاتوودا گرنگ

به‌غدا، ٤ی ته‌موزی ٢٠١٨- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی)، وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی گرنگیی به‌شداریی ژنان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردندا، له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌دا هه‌ڵمه‌تی "بۆ نا"ی له‌ پارێزگای بابل راگه‌یاند. له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا، د. ره‌عد عه‌لوان جبوری، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابل، و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و پیاوانی ئاینی و سه‌رۆك هۆزه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چالاكوانانی ژنان و مامۆستایانی زانكۆ و گه‌نجان ئاماده‌بوون.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، خاتو ئالیس وۆڵپۆل، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن لە عیراق، ستایشی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی كرد كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی ١٢ ئایاردا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا چی به‌ سیسته‌می كۆتا و چی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌.

خاتونه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان وتی "من هیوادارم كه‌ ژماره‌یه‌كی شایسته‌ له‌ ئه‌ندامه‌ مێیینه‌كانی په‌رله‌مان رۆڵی سه‌ره‌كیان له‌ لێژنه‌كانی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تدا پێ بدرێت."

ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان لە مانگی نیساندا ده‌ستی پێكرد به‌ مه‌به‌ستی پشتگیریكردن له‌ پاڵێوراوه‌ ژنه‌كان كه‌ ئه‌و كات روبه‌رووی هه‌ڵمه‌تێكی ناوزڕاندنی كاریگه‌ر ببوونه‌وه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ندان پاڵێوراوی ژن كرانه‌ ئامانج. خاتو وۆڵپۆل، به‌ ئاماژه‌كردنی بۆ دایكی خۆی وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانێك له‌ به‌ریتانیا، زیاتر وتی "هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردن ئێستا كۆتایی هاتووه‌ به‌ڵام هه‌ڵمه‌تی "بۆ نا" هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت و چونكه‌ هێشتا زۆر ماوه‌ بكرێت بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ عیراق به‌ ته‌واوی بەهرەمەند بێت لەو‌ توانا و ئه‌زموون و زانیارییانەی كه‌ ژن ده‌توانێت لەگەڵ خۆیدا بیهێنێتە ناو‌ ژیانی سیاسییەوە."

ئه‌و وێڕای ئاماژه‌كردنی به‌ ئه‌ركی پێسیپێردراوی یونامی، كه‌ له‌ ١٤ی حوزه‌یران تازه كرایه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ رێككه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا سه‌باره‌ت به‌ سپاردنی ئه‌ركی گه‌شه‌دان به‌ به‌شداریی و نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و خاتوونه‌ له‌ كۆتاییدا وتی "من هه‌روه‌ها داوا له‌ یونامی ده‌كه‌م بۆ په‌ره‌دان به‌ ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كسانانه‌ی رۆڵی ژنان له‌ بواره‌ جێبه‌جێكارییه‌كانی وه‌ك ئاشته‌وایی نیشتمانی و ئاسایش و كه‌رتی چاكسازی و هه‌ڵبژاردن و گه‌شه‌ ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا."

خاتو وۆڵپۆل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی داهاتووی عیراق ئاماده‌یه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ نمونه‌ گه‌شه‌دان به‌و یاسایانه‌ی كه‌ مه‌وداوی به‌شداریی ژنان فراوان ده‌كه‌ن و ئاسانكاریش بۆ دامه‌زراندنیان له‌ پله‌كانی سه‌ركردایه‌تی حكومه‌ت و دادوه‌ری و ده‌زگا نیشتمانییه‌كانی تردا ده‌كه‌ن.


***************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ به‌ڕێز خالید ده‌هه‌ب جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی و جێگری وته‌بێژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌م ژماره‌ مۆبایله‌ ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦ ، و به‌ ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.