پێنج شەممە, 05 تەمموز 2018 15:17

بەڕێوەبەری نووسینگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی UNHCR بەڵینی بەردەوامیی پاڵپشتیی ڕێکخراوی UNHCR بۆ ئاوارە ناوخۆییە عیراقییەکان و پەنابەرە سوورییەکان دەدات

شوێن: هەولێر، عیراق - 5-7-2018: بەڕێز، امین عواد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی UNHCR، ئەمڕۆ لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستانی عیراق، گوتەیەك پێشکەش دەکات.

جەنگی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ ساڵی ڕابردوو لەم مانگەدا کۆتایی هات، بەڵام کاریگەریی جەنگ و ململانێکان هێشتا سێبەریان بەسەر عیراقەوە بەردەوامە. ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتیی گرووپە توندڕەکە و لە میانی ئەو هەڵمەتە سەربازییەی لەپێناو دەرکردنیان کرایە سەریان ڕوویاندا، شوێنەواری فراوانیان بەجێهێشتووە. سەرەڕای بوونی نیشانەگەلێکی ئومێدبەخش بۆ چاکبوونەوە و هاتنەوەسەرخۆیەکی سەرەتایی، ئەو برین و زامانەی ئەو ساڵانە لە دوای خۆیانەوە جێیان هێشت تا ئێستاش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەبینرێن.

بۆ ئەوی عیراق بتوانێت ئەم کاریگەری و شوێنەوارە تێپەڕێنێت، دەبێ خەڵکەکەی بتوانن بە سەلامەتی و بۆ ماوەی درێژخایەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئێمە پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت کە گەڕانەوە تەنیا گەڕانەوە بۆ ناو خانوویەك نیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ناو کۆمەڵگەیەك. بنیانتانەوەی کۆمەڵگەکان زۆر زیاترە لە تەنیا بنیاتنانەوەی بینا و خانووەکان.

تا ئێستا نزیکەی (3.9) ملیۆن عیراقی گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام زۆربەیان لە حاڵەت و دۆخێکی سەخت و دژواردان. ڕێکخراوی UNHCR پاڵپشتیی ئەو کۆمەڵگانە دەکات کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەڕانەوەیانن بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە کە کۆمەڵگە بە ئامانج دەگرن و هانی پێکەوەگونجانی کۆمەڵایەتی دەدەن و هاوکار دەبن لە گەڕاندنەوەی متمانە و پشتبەخۆبەستن.

بەڵام بۆ ئەو (2) میۆن عیراقییانەی کە هێشتا لە دۆخی ئاوارەییدان، گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان شتێکە دەبێت هەر ڕووبدات. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوە دەبێت لاببرێن و ئەو هەلومەرجانەشی کە هاوکاریی گەڕانەوە دەکەن دەبێت بڕەخسێنرێن. ئەندازەی ئەو وێرانکارییەی بەسەر هەندێك شوێنی وەك خۆرئاوای موسڵدا هاتووە ناکرێت بە کەم سەیر بکرێت.

خەڵکانێك لە سووریاوە بەردەوامن لە هاتنیان بۆ ناو عیراق بە ڕێژەی (700) کەسی تازە هاتوو بۆ هەر مانگێك. دوای حەوت ساڵ، هیچ ئاماژەیەك بۆ دابەزینی ئاستی جەنگ و ململانێکان و ئارامبوونەوەیان نیە. تەنانەت ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان چەندان ڕاپۆرتی لە بارەی بەرزبوونەوەی چاڵاکییە دوژمنکارییەکانەوە لە باشووری سووریا پێگەیشتووە، کە ژیانی یەك لەسەر سێی ملیۆنێك کەس دەخەنە مەترسییەوە. تا ئێستا (320,000) کەس تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری هاتوون. هەر بۆیە پەنابەرە سوورییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام و تا کاتێکی نادیاری داهاتوو پێویستیان بە پاڵپشتی دەبێت.

بۆ ئەو (250,000) پەنابەرە سوورییەی کە لە عیراقدا پەنادراون، لە ئێستادا گەڕانەوە بژاردەیەکی گونجاو نیە. هەرێمی کوردستانی عیراق لە سەدا نەوەت و حەوتی پەنابەرە سوورییەکانی ناو عیراق لەخۆدەگرێت، کە بە شیوەیەکی میهرەبانانە لە لایەن خەڵك و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکراوە و داڵدە دراون. بۆ وڵاتێك کە بە دەگمەن لە دەرەوەی سێبەری ململانێ و ئاڵۆزی و تودڕەوییدا بووە، چاکەی عیراقی و کوردەکان لە بەرامبەر دراوسێ سوورییەکانیان بەڕاستی هەڵوێستێکی پڕ لە سادەیی و بێ فیزییە. ڕێکخراوی UNHCR پابەندە بە پاڵپشتیکردنی پەنابەرە سوورییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکانیان لە عیراق و لە سەرانسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا تا ئەو کاتەی پێوسیت بکات.

بارودۆخی عیراق ئاڵۆزە. بۆیە پێویستە ئێمە چاپووك و داهێنەر بین لە بەدەمەوەچوونمان بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستییەکانی عیراقییە لاواز و دۆخناسکەکان و پەنابەرە سوورییەکان لەسەر ئاستی مەودایەك کە بە بەردەوامی لە فراوانبوون دایە دابین بکەین. ساڵی 2018-2019 دەبێت ببێت بە ساڵی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ شوێن و زێدی خۆیان. عیراق پێویستی بەوەیە شوێنەوارەکانی (25) ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەربوونی خەڵکەکەی لە دوای خۆیەوە جێبهێڵێت و ئیدی بەرەو پێشەوە و بە ئاڕاستەی ئاساییبوونەوە هەنگاو بنێت. بۆیە پێم خۆشە ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ ئەوەی پابەندبوونی تەواوی ڕێکخراوی UNHCR دووپات بکەمەوە بە وەستانی هاوشان لەگەڵ خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستانی عیراق هەر چەندێك بخایەنێت.


بۆ زانیاریی زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
کەیت پۆند (بەغداد)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647809207286

مصطفی الدلوي (بەغداد)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647801958468

رشید هـ رشید (دهۆك)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647507130014

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.