چوار شەممە, 18 تەمموز 2018 02:20

بەڕێز کوبیشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەت دەکات وەڵامی نیگەرانییەکانی خەڵک بداتەوە و ڕێ لە توندوتیژی بگرێت و داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات کاربکەن بۆ چارەسەری درێژخایەن

بەغدا، ١٧ی تەمووزی ٢٠١٨- دوابەدوای خۆپیشاندانەکان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار و داواکاری باشترکردنی باری ژیان، بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، داوا لە حکومەت دەکات ڕێز لە نیگەرانییە ڕەواکانی خەڵکی بگرێت و وەڵامیان بداتەوە. بەڕێزیان داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات کە کابینەی داهاتوو حکومڕانی کارا و چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کاری هەر لە پێشینەی بێت بۆ پەرەسەندن و بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و دروستکردنی هەلی کار و گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی پێویست.

لە هەمان کاتیشدا، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر نیگەرانە سەبارەت بە توندوتیژییەکان و کارە تێکدەرانە و تاڵانکارییەکان کە لە میانەی هەندێک لە خۆپیشاندانەکاندا ڕوویاندا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بوون. بەداخ و پەژارەوە بوونە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر هەم لە نێو خۆپیشاندەران و هەم لە نێو هێزەکانی ئاسایش و تێکدانی موڵکی گشتی و تایبەتی بە دامودەزگای حکومی و پارتە سیاسییەکانیشەوە و هەروەها تێکدانی ژێرخانی گشتی و کەرتی نەوت. ئەو ڕووداوانە، ئەگەر بەردەوام بن، کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بوارەکانی ئاسایش و ئابووری لە سەرانسەری وڵاتدا دەبێت.

بەڕێز کوبیش تیشکی خستە سەر مافی سروشتی هاوڵاتییان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە چوارچێوەی یاسادا بەبێ ترس و تۆقاندن یان ڕەشبگیری و مافی گەیشتنیان بە زانیاری بێ سنوور هەیە. ئەرکی دەسەڵاتە پارێزگاری لەو خۆپیشاندانە ئاشتییانە و بەشداربووانی بکات. لەگەڵ پاراستنی یاسا و ڕێساکان، پێویستە هێزەکانی ئاسایش دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر و مەترسیدار. بەڕێزیان هەروەها هۆشداریشیدا کە لێنەگەڕێن تێکدەران و هەلپەرستان ئەم خۆپیشاندانە رەوایانە بقۆزنەوە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و بڵاوکردنەوەی پشێوی.

عیراق وا خەریکە هەڵدەستێتەوە سەرپێی خۆی دوای ئەو کاولکارییانەی کە لەلایەن داعشی تیرۆرستەوە بەسەری هاتووە و لە ئێستاشدا هێشتا خەریکی بنەبڕکردنی پاشماوەکانی ئەو گرووپە و شانە نووستووەکانیەتی. گەلی عیراق زۆر پێویستییان بە سەقامگیریی خۆڕاگر و درێژخایەن هەیە کە ئەمەش تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنی لایەنەکان و گەیشتن بە چارەسەریی بۆ کێشە قوڵەکانی وڵاتەکە کە لە خۆپیشاندانەکانی پێشتر و ئەوانەی ئەم دواییەش سەریان هەڵداوە بەدەست دەهێنرێت. لە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکەی ١٢ی ئایار و لە دوای ئەنجامە بەراییەکانی هەژمارکردنەوەی سندوقە گومانلێکراوەکان و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، زۆر پێویستە بە زووترین کات حکومەتێکی نوێی چاکساز و نیشتیمانی دابمەزرێت کە بتوانێت سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکە لە خزمەت و بەرژەوەندی هاوڵاتییانی خۆی بەکاربێنێت. حکومەتێکی وەها دەتوانێت داواکارییەکانی خەڵکی جێبەجێ بکات و وەڵامی ئارەزووەکانیان بۆ باشترکردنی باری ئابووری بداتەوە و هەلی کاری زیاتر فەراهەم بکات و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و دووبارە هیوای ژیانێکی سەربەرزانە بۆ گەنجان و هەموو عیراقییەکان بگێڕێتەوە.

***

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.