یەک شەممە, 22 تەمموز 2018 09:02

لێدوانی خاتوو. مارتا ڕویداس، هەماهەنگیکاری مرۆیی لە عێراق لەبارەی ساڵیادی ئازادکردنی شاری موسڵ گرنگ

(بەغدا، ٢١ی تەموزی ٢٠١٨): ئەمڕۆ ساڵیادی یەك ساڵەی کۆتایی هێنان بوو بە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی عێراق بۆ ئازادکردنی شاری موسڵ لە دەستی داعش لە پارێزگای نەینەوا. داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ بۆ تەموزی ٢٠١٧ بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی لەگەڵ ئازارچەشتنی زۆری مرۆیی وکاولکاریەکی زۆری باڵەخانەکان. نزیکەی یەك ملیۆن کەس ناچارکران کە لە ململانێکەی ناو موسڵ ڕابکەن. ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان وهاوکارانی مرۆییەوە ئەنجام دراون ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە نەخۆشخانەکان، پردەکان، قوتابخانەکان، ووێستگەکانی چارەسەری ئاو و ووزە پیس ببوون بەهۆی تەقەمەنیە مەترسیدارەکان وبۆمبە چێندراوەکان کە داعش لە دوای خۆی بەجێیانی هێشتبوون.

خاتوو. مارتا ڕویداس، هەماهەنگیکاری مرۆیی بۆ عێراق گوتی "دوای ساڵێك، دەستکەوتی مرۆیی زۆر دەتواندرێ ببیندرێن، “ئێستا نزیکەی ٨٧٠.٠٠٠ کەس گەڕاونەتەوە بۆ موسڵ. حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان وهاوکارانی ڕێکخراوی ناحکومی نیشتمانی ونێودەوڵەتی بەیەکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی سەلامەت وخۆبەخشانە وشکۆمەندانەی ئاوارەکانی دانیشتووی موسڵ، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە زیان پێگەیشتووەکان، ودووبارە گەڕاندنەوەی ژیان وگوزەران."

ڕێکخراوی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران شەش خێوەتگەی بۆ هاووڵاتیانی موسڵ دامەزراندووە لە پارێزگای نەینەوا ولە هەرێمی کوردستان وخزمەتگوزاریە زۆر پێویستەکانی پاراستن وهاوکاری دابین کردووە بۆ ئاوارەکان لە ناو خێوەتگەکان ولە دامەزراوە نافەرمیەکان. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، لەگەڵ ئەوەی کە هاوکاری ئەو ئاوارانە دەکات کە ناتوانن بگەڕێنەوە، لەهەمان کاتدا هەماهەنگی وهاوکاری دەکات لەگەڵ سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی وچاودێری حکومەت بۆ دامەزراندنی دوو سەنتەری سەرچاوەی کۆمەڵایەتی لە موسڵ بۆ ئاسانکاری کردن لە دووبارە خستنە ناوەوەی ئاوارەکان بۆ ناو کۆمەڵگا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان یارمەتی پێشکەش کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی یەك لەسەر سێ ی ٦٣٨ قوتابخانە کە دووبارە دەرگاکانیان کراونەتەوە وتوانای بە زیاتر لە نیو ملیۆن کچ وکوڕ داوە تاکو بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە ناوخۆییەکان. ڕێکخراوی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی وحکومەت ژەمەکانی تەنگەتاوی قوتابخانەیان دابین کردووە بۆ ٨٧.٠٠٠ منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی لە ١٤٥ قوتابخانەی سەرەتایی وچوار باخچەی ساوایان لە ڕۆژئاوای موسڵ لە مانگی ئادار تاکو مانگی ئایار.

هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان هاوکاری دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کردووە بە چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو وزیاتر لە ٨٠٠.٠٠٠ کەس سوودیان وەرگرتووە لە گەیاندنی ئاوی خواردنەوەی خاوێن. لە ساڵی ڕابردوودا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٥٣ ئۆتۆمبێڵی فریاکەوتنی داناوە لەم پارێزگایە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتیان مەترسیدارە دەتوانن چاودێری زیاتر وەربگرن. لە ڕۆژئاوای موسڵ، لەو شوێنەی کە شەش نەخۆشخانەی گەورە زیانیان پێگەیشتبوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوو نەخۆخشانەی مەیدانی گواستۆتەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریەکانی چاودێری تەندروستی تەنگەتاوی بۆ ئاوارە گەڕاوەکان وهاوکاری شەش سەنتەری چاودێری تەندروستی سەرەتایی دەکات کە سوود دەگەێنن بە نزیکەی ١٥٠.٠٠٠ ئاوارە. هەروەك داعش زۆربەی قاوشەکانی منداڵبوون ونەخۆشخانەکانی لە ناو موسڵ داخستبوو، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بەهانای پێویستیە زۆرەکانی تەندروستی ئافرەتانی دووگیان وپاراستن چووە وپێش وەختە هاوکاری ژوورێکی منداڵبوونی کردووە لە ناو ڕۆژهەڵاتی موسڵ لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦. لە ساڵی ٢٠١٧، هاوکاری ١٦ نۆرینگەی چاودێری تەندروستی سەرەتایی کردووە بە دابین کردنی نزیکەی ٨٠٠.٠٠٠ ڕاوێژکاری تەندروستی منداڵبوون بۆ ئافرەتان وکچان وشەش نۆرینگەی گەڕۆکی تەندروستی منداڵبوون وتیمەکانی ناردووە بۆ شارەکە. پڕۆگرامی سەقامگیرکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەم کەرتانەش دووبارە ژێرخانی بنیاتناوەتەوە، وکاردەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێلی کارەبا کە ئەمەش تەندروستی وپەروەردە وکۆمەکی ئاو بەردەوامی پێدەدات لە ناو موسڵ.

لەو کاتەوەی ئازادکردنی موسڵ، تیمەکانی پاککردنەوەی مین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مین زیاتر لە ٤٣.٧٠٠ تەقەمەنی مەترسیداریان لابردووە، لەوانە ١.٠٠٠ بۆمبی چێندراو، لە شەقامەکان، پردەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، نەخۆشخانەکان، نۆرینگەکان، ووێستگەکانی چارەسەری ئاو وباڵەخانەکانی شارەوانی لە ناو شاری موسڵ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مین تاوەکو ئەمڕۆ ٥٥٠ شوێنی ژێرخانی زۆر گرنگی پاککردۆتەوە لە تەقەمەنی مەترسیدار، کە ئەمەش ڕێگە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان دەدات بۆ هاووڵاتیانی موسڵ وئاوارە گەڕاوەکان. ڕێکخراوی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێکردن هاوکاری یاسایی دابین کردووە بۆ زیاتر لە ١.٢٠٠ سەرۆك خێزانی ئاوارەی گەڕاوە لە ناو ١٢ گەڕەك لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی نیشتەجێبوونیان، مافەکانی زەوی وموڵك وهەروەها ٢٥٧ خانووی نۆژەنکردۆتەوە کە بەهۆی ململانێ زیانیان پێگەیشتووە لە ڕۆژئاوای موسڵ، ئەمەش ڕێگە دەدات بە نزیکەی ٣٠٠٠ کەس تاکو بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.

سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، پێویستی چڕوپڕی مرۆیی دەمێنێتەوە لە ناو موسڵ ولەسەرانسەری عێراق. پلانی بەهاناوەچوونی مرۆیی بۆ ساڵی ٢٠١٨، کە ئامانجی بریتی یە لە گەیشتن بە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن کەس کە پێویستیان بە هاوکاریە بە پێدانی هاوکاری لەپێشینەی ڕزگارکردنی ژیان وبەردەوامیدان بە ژیان، تەنها ٥٤ لەسەدای پاڵپشتی دارایی کراوە. "لەو کاتەی دڵ ئارام دەگرێت کە دەبینی ژیان دەگەڕێتەوە بۆ موسڵ، نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە ناو عێراق لە ئاوارەییدا دەمێننەوە وئەو کەسانەشی کە گەڕانەوەیان بۆ شارەکە وناوچە ئازادکراوەکانی تر هەڵبژاردووە ڕووبەڕووی بەرەنگاریێکی زۆر دەبنەوە،" خاتوو. ڕویداس گوتی. "هاوکارانی مرۆیی بەپەلە پێویستیان بە ٢٦٠.٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی تر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە زۆر گرنگەکانی ئەو عێراقیانەی کە بۆ چەندین ساڵە ئازار دەچێژن بەهۆی ململانێ وئاوارەبوون. ئەوان شایەنی ئاشتی وئاساییبوونەوەی ژیانیانن بەبێ دواکەوتنی زیاتر."


بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە:
بەڕێز. ئەیدن ئۆلێری، سەرۆکی نووسینگەی ئۆچا لە عێراق، لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵە، ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.