هەینی, 03 ئاب 2018 15:50

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چاڵاکواناندا، بەڕێز کوبیشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی خۆی بۆ داواکاری ئافرەتان بۆ بەشداری فراوانتریان لە پرۆسەی سیاسیی لە عیراق دووپاتکردەوە

بەغدا، ٢ی ئابی ٢٠١٨ – چاڵاکوانان لە هەوڵی کاراکردنی رۆڵی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسیی لە عیراقدا دید و بۆچوونی خۆیان لەمەر جێکردنەوەی لایەنی یەکسانیی جێندەری لە بەرنامەکانی حکومەتی نوێی عیراق پێشکەشکرد و داوای پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشیان کرد بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییەکی مانادار و کارا لە پرۆسە سیاسییەکاندا.

گرووپێک کە پێکهاتبوون لە ١٣ چاڵاکوانی – ١٢ ئافرەت و ١ پیاو - سەر بە تۆڕی ئافرەتانی عیراقی و تۆڕی عیراقی ١٣٢٥ و کۆمەڵەی ئەکادیمیستان و هاوپەیمانانی ١٣٢٥ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، داواکارییەکانیان پێشکەشکرد و بەرێزیشیان دەستخۆشی لە هەوڵی چاڵاکوانان کرد و پەیمانی زیاترکردنی پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان.

بەشداربووان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بێ ئیرادەیی و نادیدەیی سیاسیی بۆ بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە ناوەندی بڕیار و داواشیان کرد بواری فراوانتر بۆ ئافرەتان لە پرۆسەکانی سیاسیی و ئاشتەواییدا بڕەخسێنرێت کە تاکو ئێستا بەرجەستە نەکراوە ئەگەرچی چاندان جار پەیمان دراوە و چەندان ستراتیژ و پلان و چوارچێوەی نیشتیمانی حکومەتیش بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داڕێژراون.

بەشداربووان نەخشەڕێگای چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی یەکسانیی جێندەری بۆ حکومەتی نوێ و ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرکردایەتی پارتە سیاسییەکان خستەڕوو. پێشنیازەکان تیشک دەخەنە سەر پێویستیی بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە لیژنەکانی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت و ڕێژەی لە سەدا ٣٠ نوێنەرایەتی ئافرەتان لە کابینەی نوێی حکومەت و کۆمسیۆنە سەربەخۆکان و دامودەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکاریی حکومەت. بەشداربووان بە هەمان شێوە داوای دانانی میکانیزمێکی نیشتیمانیی دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیاریان کرد کە توانای هەماهەنگی و جێبەجێکردنی چوارچێوە نیشتیمانییەکانی هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی کاری ئافرەتان و ئاشتی و ئاسایش بە جێبەجێکردنی پلانی کاری نیشتیمانی سەبارەت بە بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.

بەشداربووان داوای پاڵپشتی کارا و کاریگەری نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد بۆ پێشنیاز و داواکارییەکانیان و هەروەها داواشیان کرد لە ڕێگەی کاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ حکومەت و سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکی لیستە سیاسییەکان پاڵپشتی لە داواکارییەکانیان بکرێت.

بەڕێز کوبیشی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە هەوڵی ئافرەتان کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکی باش ئەنجامدرا کە لە ماوەی نێوان هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێدایە. بەڕێزیان جەختیکردەوە کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) داوا لە سەرکردە و هێزە سیاسییەکان دەکات گرنگیی بە بواری یەکسانیی جێندەری لە بەرنامەکانی حکومەتدا بدەن و بودجەی شیاویش بۆ ئەم مەبەستە دابین بکەن. بەڕێز کوبیش دووپاتی پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەدەستهێنانی یەکسانیی جێندەری و بەتواناکردنی ئافرەتان و هەروەها وتیشی کە یونامی ئامادەیە، بە پێی ماندێتی نوێکراوەی، بەردەوامبێت لە برەودان بە کارەکانی لەم بوارەدا.

بەشداربووان بەهەمان شێوە چەند نیگەرانییەکی گشتییان باسکرد، لەوانە پاشەکشەکردنی بەردەوام دەربارەی مافی ئافرەتان و سستی لە هەنگاوەکانی باشترکردنی مافی ئافرەتان و نەبوونی هەلی دارایی بۆ ئافرەتان و هەروەها جەختیشیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی بەرنامەی تایبەت بۆ بەهێزکردنی گەنجان بە تایبەتی سەبارەت بە ڕۆڵی مێینە وەک سەرکردەی داهاتوو لە هەموو بوارەکاندا.

بەشداربووان باسی ئەوەیانکرد کە داعش گرفتی زیاتری بۆ ئافرەتان دروستکرد سەرباری ئەو کێشە و گیروگرفتانەی کە هەیانبوو بەتایبەتی ئافرەتانی بێ دەرامەت و سەرۆک خێزان هەندێک لەو ئافرەتانەش تا ئێستا دەناڵێنن بەدەست ئابڕووچوون و ناوزەدکردنیان وەک لایەنگری گرووپە تیرۆرستییەکان و هەروەها نەبوونی هاوکاریی بۆ خێزانی ئەو شەهیدانەی لە دژی داعش جەنگان. هەروەها بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستیی دانانی میکانیزمی دادپەروەری ڕاگوزاری بۆ دڵنیابوون لە ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوە و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان لە کارەساتەکانی داعشدا.

لە هەمان چوارچێوەشدا، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ڕۆژ لەمەوبەر چاوی کەوت بە شاندێکی تیمی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی کاری نیشتیمانی سەبارەت بە بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. شاندەکە داواکاری هاوچەشنیان هەبوو، هەروەها باسیان لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی کاری نیشتیمانی عیراقی کرد و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پلانەکەشیان خستەڕوو، لەوانە نەبوونی بوجەیەکی دیاریکراو بۆ پاڵپشتیکردنی چاڵاکییەکانی پلانی کاری نیشتیمانی.

بەڕێز کوبیش دەستخۆشی لە کاری تیمی نیشتیمانی کرد و دووپاتیشی کردەوە کە یونامی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بۆ جێکردنەوەی لایەنی جێندەری لە بەرنامەکانی حکومەت و دابینکردنی کۆتای لەسەدا ٣٠یش بۆ نوێنەرایەتی ئافرەتان لە کابینەی حکومەت و پێگە سەرکردایەتییەکاندا.


***************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.