هەینی, 03 ئاب 2018 16:01

وته‌ی خانوو ئه‌لێس وۆل پۆل جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌غدا ٢ی ئابی 2018 گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

به‌ڕێزان

خوشک و برایان،

به‌ناوی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عێراق، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیمان ئاراسته‌ی قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش) ئه‌نجامی داون و هاوسۆزی خۆشم له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی كوژراوان و ونبووان ڕاده‌گه‌ینم.

هه‌روه‌كو لای هه‌مووان ئاشكرایه‌، له‌ رۆژی ٣ی ئابی 2014دا، تیرۆرستانی داعش ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر قه‌زای شه‌نگالی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی كوشتن و بڕینێكی ترسناك و كۆچێكی به‌كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان و خه‌ڵكانی تری لێكه‌وته‌وه‌ و ماڵ و حاڵیان جێه‌ێشت و به‌دوای ئارامی و سه‌قامگیری ده‌گه‌ڕان. نزیكه‌ی 200000 كه‌س له‌ كۆی دانیشتوانی قه‌زای شه‌نگاڵ كه‌ بریتی بوو له‌ 310000 روویانكرده‌ چیای شه‌نگال و ئه‌وانی تریش روویان كرده‌ دێهاته‌ نزیكه‌كان و پارێزگای دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان.

زۆر له‌ ئێوه‌ ئازایانه‌ ئه‌وه‌ی روویدا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانتان باسكرد. ئێوه‌ بارودۆخێكی دژوارتان بینیووه‌ و به‌رگه‌تان گرتووه‌ كاتێك ماڵه‌كانتان جێه‌ێشتووه‌، دووچاری ترس و تۆقین بوون كاتێك ده‌تانویست بگه‌نه‌ كه‌ناری ئارامی. هه‌زاران كوژران و ڕفێندران و چه‌ندین كه‌سیش كاری زۆره‌ ملێ و ڕه‌فتاری خراپیان به‌رامبه‌ر كرا و بازرگانیش به‌ چه‌ندانی تر كرا له‌ ده‌ره‌وه‌. كچان و ژنانیش دووچاری كۆیلایه‌تی سێكسی و شوكردن بوونه‌وه‌ و کوڕانی ته‌مه‌ن بچووكیش به‌زۆری كران به‌ چه‌كدار له‌ پێناوی جه‌نگ.

داعش به‌رده‌وام بوو له‌ هه‌ڵمه‌تی تیرۆر و هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌یانویست له‌ چیای شه‌نگال ڕابكه‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌ شوێنه‌كانیان مابوونه‌وه‌ش ناچار بكرێن به‌رگه‌ی باردۆخێكی سه‌خت بگرن به‌ بێ ئاو و خواردن و په‌ناگه‌ و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له‌ ژێر پله‌ی به‌رزی گه‌رمادا. خه‌ڵكانێكی زۆر به‌هۆی ئەو بارودۆخه‌ و نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پزیشكی گیانیان لەدەستدا.

له‌ كاتێكدا داعش هاوڵاتیانی سڤیلی له‌ گشت پێكهاته‌ ئیتنی و ئایینییه‌كان ده‌كرده‌ ئامانج، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوون و ئاشكرا بوو كه‌وا داعش پێكهاته‌ی ئێزیدی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌چه‌وسانده‌وه‌. ئه‌مڕۆ لێره‌دا، له‌ نێوانماندا، چه‌ندان خه‌ڵك هه‌ن كه‌سانی خانه‌واده‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش. ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ لایه‌نی كه‌م نزیكه‌ی 5500 كه‌س له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كان له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژراون و زیاتر له‌ 6400 كه‌سی تریش ڕفێندراون له‌وانه‌ 3106 كه‌سیان تا ئێستا به‌ وون بوو داده‌نرێن . نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ به‌ وردی چاودێری كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی رێكخراوی داعشی كردووه‌ به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌ ئه‌نجامی داوه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ یان تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی یانیش به‌ كۆمه‌ڵكوژی (جینۆساید) بناسرێت.

ئه‌مڕۆش، پاش تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵ، رێكخراوی داعش له‌ عێراق تێكشكێندرا . ئێزیدیه‌كانیش توانیان خۆڕاگر بن، ئه‌مه‌ش گه‌واهیده‌رێكه‌ بۆ به‌هێزی ئێوه‌ وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك و بۆ خۆڕاگرتان و هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌تان دژ به‌ سته‌مكاری دڕندانه‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێوه‌ هاتووه‌ هه‌رگیز له‌ یاد ناكرێت. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تا ئێستا زۆر نیگه‌رانه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئێوه‌ و چاره‌نووسی خۆشه‌ویسته‌ ونبووه‌كانتان و سه‌لامه‌تی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا دیلن لای رێكخراوی داعش و دووچاری كرداری دڕندانه‌ بوونه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ست ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیه‌وه‌ . گه‌ڕانه‌وه‌ی ونبووان به‌ سه‌لامه‌تی بۆ لای خانه‌واده‌كانیان كاری هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌ی هه‌مووانه‌ و ده‌بێت هه‌موو هه‌ڵ و كۆششه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چڕ بكرێته‌وه‌ .

پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و و پیاوانی ئایینی و سه‌رۆك هۆزه‌كان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی جه‌خت بكه‌نه‌ سه‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی داعش و پته‌وكردنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگایی و نیشتمانی دوای ململانێكان و پشتگیریكردنی ئافره‌تانی ڕزگاربوو له‌ توندوتیژیی سێكسی و منداڵه‌كانیان و بوژانه‌وه‌ و شیاندنه‌وه‌ و گه‌ڕانده‌وه‌ی ماف بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی داعش ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان چێشتووه‌ ئه‌وه‌ش به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌یان دژ به‌ ئێزیدیه‌كان و پێكهاته‌كانی تر له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق ئه‌نجامداوه‌ .

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌نده‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ترسناكه‌كان. و به‌ پێی بڕیاری 2379 ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ به‌ ڕاوێژ كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌رچووه‌ ، تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی دامه‌زراندووه‌ بۆ پشتگیریكردنی كۆششه‌ نیشتمانییه‌كانی عێراق له‌ پێناو لێپرسینه‌وه‌ له‌و كردارانه‌ی داعش ئه‌نجامیداون و له‌وانه‌یه‌ بگه‌نه‌ ئاستی تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. له‌ مانگی ڕابردوو به‌ڕێز كه‌ریمخان كرا به‌ سه‌رۆكی ئه‌م تیمه‌ ، كه‌ له‌ ئێستادا ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردووه‌. ئه‌م تیمه‌ له‌ لایه‌ن نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عێراق (یونامی) پشگیرییه‌كی ته‌واوی لێده‌كرێ. ئومێده‌وارم هه‌موو ئه‌وانه‌ی زانیاری و به‌ڵگه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش پێشكه‌شی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی بكه‌ن به‌شدار بن له‌گه‌ڵیان.

له‌ هه‌مان كاتیشدا، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌م چاكسازی له‌ یاسا كارپێكراوه‌ نیشتمانییه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌م تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ دادگایی بكرێن و دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌تیش له‌ به‌رچاو بگیرێت بۆ دادگایی كردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانانه‌ و گونجاو بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی یاسای تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان .

هه‌روه‌ها داوا له‌ حكومه‌تی عێراق داكه‌م ، به‌ به‌رده‌وامی پته‌وكردنی ئاشته‌وایی نیشتمانیی و پێكه‌وه‌ ژیان بكاته‌ كاره‌ هه‌ره‌ له‌ پێشه‌كانی. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاند بوون به‌ پشتگیریكردنی دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ كۆششه‌كانیان بۆ بره‌و دان به‌ دیالۆگی سیاسی گشتگر كه‌ رێز له‌ هه‌موو پێكهاته‌ جۆر به‌جۆره‌كانی عیراق ده‌گرێت و شانازی به‌هه‌مووانیش ده‌كات .

سوپاس بۆ ئێوه‌ .

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
دواترین دەستکاریکردن لەسەر هەینی, 03 ئاب 2018 16:13
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.