هەینی, 26 تشرینی یەکەم 2018 11:05

بەرێز کوبیشی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە پەسەندکردنی کارنامەی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکات و داواش دەکات بە زووترین کات هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران یەکلابکرێنەوە و نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە نەبوونی نوێنەرا

بەغدا، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ – بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، دەستخۆشی لە دووپاتکردنەوەی کارنامەی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی و هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەڕێز حەیدەر عەبادی لە خولی پەڕلەمانی پێشوودا بەرز دەنرخێنێت. بەڕێزیان هەروەها دەستخۆشی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کرد بۆ پەسەندکردنی بەرنامەی کاری حکومەت و پەسەندکردنی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی وەزیران، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیی قوڵی خۆی دەربڕی لەبارەی نەبوونی ئافرەت لە ناو لیستی ئەو وەزیرانەی کە تاکو ئێستا ڕاگەیەنراون.

بەڕێز کوبیش وتی: "دەستخۆشی لە دروستکرنی بەشێکی کابینەی نوێی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکەم و پیرۆزباییش لە گەلی عیراق دەکەم بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە لە وەرچەرخانی دیموکراسییاندا. هیواخوازم کە ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات تەواو بکرێت. هەروەها ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری خۆم بۆ بەرێز حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، و حکومەتەکەی کە لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا داعش تێکشکێندرا و یەکڕیزی عیراق دووبارە بەدەست هاتەوە و عیراقیش دووبارە پێگەی خۆی لە هەرێمەکە و جیهانی عەرەبیدا بووژاندەوە لە رێگەی فراوانکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هاوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

بەڕێز کوبیش هەروەها وتی: "دووبارەی دەکەمەوە کە پێویستە حکومەتی نوێ ئەوپەڕی توانا بخاتەگەڕ بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری و پێشبینییەکانی گەلی عیراق لەڕێگەی پتەوکردنی ئاسایش و یاسا و سەقامگیری و گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی و بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان کە ڕێژەیان لە زیادبوونە و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان و پرۆسەی بنیادنانەوە. ئەم جۆرە حکومەتە، بە ڕێزگرتن لە دەستوور کە زامنی ماف و یەکسانییە بۆ هەموو هاولاتییانی عیراق، دەتوانێت داهاتوویەکی سەقامگیر و پڕشەنگدار بەرهەم بهێنێت لە عیراقێکی یەکگرتوو و فیدڕال و دیموکرات و خاوەن سەروەریدا. لەم ڕوانگەیەوە، من دڵخۆشم بە پەسەندکردنی بەرنامەی کاری حکومەتی نوێ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە."

بەڕێز کوبیش لە درێژەی لیدوانەکەیدا وتی:" بەڵام من دڵگرانم دەربارەی نەبوونی ئافرەت تا ئێستا لە کابینەی نوێدا. چەندان ئافرەتی ئاست بەرز و خاوەن ئەزمون و بڕوانامەی بەرز هەن کە لە بواری سیاسی و پێگەی پرۆفیشناڵ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە عیراق چاڵاکن و دەتوانن ببنە کاندیدی بەهێز بۆ چەندان پۆستی وەزاری. پشتگوێخستنی تواناکانی ئافرەتان لەدەستدانی هەلی گرنگە بۆ عیراق."

***************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ به‌ڕێز خالید ده‌هه‌ب جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی و جێگری وته‌بێژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌م ژماره‌ مۆبایله‌ ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦ ، و به‌ ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.