دوو شەممە, 29 تشرینی یەکەم 2018 00:00

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) پاڵپشتی بەردەوام بۆ خەڵکی شکستبار لە عیراق دەستەبەردەکات بە سوودوەرگرتن لە کۆمەکییە دارایییە تازەکان کە لە لایەن وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێشکەشکراون

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) سوپاسی بەخشندەیی حکومەتی ئەمەریکا دەکات و بە گەرمی پێشوازیدەکات لە کۆمەکییەکانی ساڵی 2018 یان کە تێکڕاکەی بریتی بوو لە 128.8 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پەنابەرانی سووری و ئاوارەی عیراقی. بە پشتگیری پارەبەخشەکان، وەکو وویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) دەتوانێت درێژەبدات بە دابینکردنی هاریکاری بۆ ملیۆنان کەس لەو خەڵکانەی کە پێویستیان بە یارمەتییە لە عیراقدا.

کاتێک کە ووڵات لە تەنگژە ڕزگاری دەبێت، ئەوکات پێداویستی عیراقییەکان دەبن بە هەمەچەشن. تەنانەت لە کاتێکدا کە شارەکان دووبارە بنیاتدەنرێنەوە و کۆمەڵگەکانیش دەبووژێنەوە، هێشتا نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ئاوارەییدا ژیان بەڕێدەکەن کە لەناویاندا کەسانی زۆر کارتێکراو و شکستبار هەن.

بەشێکی سەرەکی ''پارێزگاریکردن لە ئاوارەکان'' بریتییە لە گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بە شێوەیەکی سەلامەت و ئارەزوومەندانە و بە جۆرێک کەوا ژیان و گوزەرانیان مسۆگەربێت؛ ئەمەش بەشێکی گرنگە و بە دڵی ڕزگاربوون و سەقامگیربوونی عیراق هەژماردەکرێت. ئەم جۆرە گەڕانەوەیەی ئاوارەکان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری.

شارەکانی وەکو موسڵ و ڕەمادی لە ماوەی تەنگژە و شەڕدا بە ڕادەیەکی زۆر وێرانبوون. بنیاتنانەوەی ئەم شارانە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی پێشوویان ئەرکێکی قورسە، کارەکەش کاتی زۆری پێویستە. لەم شوێنانەی وەکو خۆرئاوای موسڵ و شنگال و دەشتی نەینەوا و هەروەها ئەنبار بەرد و پارچەی ووردووخاشبووی پاشماوەی بینای تێکشکاو هێشتا پاکنەکراونەتەوە لە تەقەمەنییەکان و خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و ئاو بەتەواوەتی بەکارنەخراون. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، هەومەرج بۆ گەڕانەوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام لەبارنین بۆ ئاوارەکان. زۆر گرنگە کۆمەک و هاریکاری بۆ ئاوارە عیراقییەکان بەردەوامی هەبێت بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەرگەڕانەوەیەکی ناکام بۆ ئەو ناوچانە، کە دەکرێت ببێت بە هۆکاری جێهێشتنی زێد و ئاوارەبوونی زیاتر.

لە هەمان کاتدا، ئەو کۆمەڵگانەی ئاوارەکان لەخۆدەگرن، ئەوانیش ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر دەبنەوە، لە کاتێکدا کە سەرچاوەکان سنووردارن. بە بێ پاڵپشتی بەردەوام، خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکان و دانیشتووانە خانەخوێکانش لە هەوڵێکی بەردەوامدان و بە سەختیێەکی زۆردا تێدەپەڕن تەنها بۆ ئەوەی بتوانن داهاتێکی کەم بەشی ژیان دەستبخەن. لەم بارەوە، بەڕێز دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عیراق گوتی: ''وویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر بەجدی پابەندە بە دەستەبەرکردنی هاریکاری فریاگوزاری مرۆیی بۆ پەنابەران لە عیراق و سووریادا... کۆمەکی [حکومەتی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا] یارمەتی ئەوانە دەدات کە تاوەکو ئێستا ناتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەلامەت و شکۆمەندانە بگەڕێنەوە بۆ زێد و ماڵەکانی خۆیان.''

''ساڵێک بەسەر جەنگە فراوانەکەی عیراقدا تێدەپەڕێت، هێشتا کارەکانمان زۆریان ماوە بۆ تەواوبوون.'' ئەمە ووتەی بەڕێز بڕونۆ گێدۆی نوێنەری (UNHCR) ـە لە عیراق. ''ئەو زام و برینانەی کە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان تووشی خەڵک و کۆمەڵگەکان هاتوون، کاتێکی زۆریان بۆ ساڕێژبوون پێویستە. هەوڵە سەرەکییەکان بەڕێوەن لەلایەن خاوەن دەسەڵات و دامەزراوەکان و بریکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لایەنە هاوبەشەکان بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئاوارە عیراقییەکان لە کاتی گەڕانەوەیاندا. بنیاتنانەوەی عیراق بە تەنها لە بنیاتنانەوەی بینا و تەلارەکاندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو بریتییە لە پێکەوەبوون و ئاوێتەبوونی هەموو چین و توێژەکان بە یەک ڕیز، ئەمەش پێویستی بە کات هەیە. بە کۆمەکییەکی نائاسایی و لەڕادەبەدەری پارەبەخشەکانی وەکو وویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) بەردەوامدەبێت لە تێکۆشان هاوشان لەگەڵ خەڵکی عیراق تاوەکو بەکۆتاهێنانی کارەکە.''

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.