چوار شەممە, 21 تشرینی دووەم 2018 15:38

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی یونامی خولێکی ڕاهێنان دەربارەی "ئازادی ڕا و ڕادەربڕین" ڕێکدەخات گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

هەولێر، عێراق، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ – ڕێکخراوە ناحکومییەکان و میدیاکاران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربوون لە ڕاهێنانێکی یەکڕۆژی دەربارەی ئازادی ڕا و ڕادەربڕین، ئازادی گردبوونەوە و بایەخی ڕاگەیاندنی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ڕاهێنانەکە لەلایەن ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق لە هەولێر بۆ نوێنەرانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان و چالاکوانانی تر کە لەبواری ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە کاریان کردووە.

ئامانجی خولەکە بریتیی بوو لە زیادکردنی زانیاری ٢١ بەشداربووەکە دەربارەی سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها خولەکە تیشکی خستەسەر یاسا نێونەتەوەیی و نێوخۆیی و هەرێمییەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕا و ڕادەربڕین و مافی گردبوونەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لەلایەکی ترەوە، بەشداربووان زانیارییان چنگکەوت لەسەر پرەنسیە ئیتیکییەکانی تایبەت بە کاری میدیایی پەیوەست بە ڕاپۆرتکردن دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆڵی میدیا لە برەودان بە گوتاری گشتیی پەیوەندیدار بە بەها و پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ. کارمەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، بەڕێز ئێریک هەسکێث، هەڵسا بە پێشکەشکردنی ووتەی دەستپێک و ئاماژەیدا بە هەستیاریی ئازادی ڕا و ڕادەربڕین و مافی گردبوونەوە لە پاراستنی هەموو مافەکانی مرۆڤ. لەم بارەوە، دەتوانرێت ڕۆژنامەوانان بە بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم بدرێن و هەردەمیش لە مەترسیدان بە ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە. یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە، هودا زەنگەنە، لە ئۆفیسی میدیاییی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ناوەڕۆکی ئەم خولی ڕاهێنانە زۆر پەیوەندیدار بوو بە کاری ئۆفیسەکەی ئێمە، هەروەک جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ چەقی کاری ئۆفیسەکەمانە." یەکێکیتر لە بەشداربووان، هەوار موحەممەد لە ڕێکخراوی تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ڕایگەیاند کە خولی ڕاهێنانەکە "زۆر بەسوود بوو لەلایەنی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین لە میدیا".

وێنە: نوسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی / ڕەشوان ساڵح

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.