شەممە, 13 ئازار 2021 23:40

وتاری جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و نشینگە، خاتو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا سۆلۆرانۆ، لە یەکەم کۆنفرانسی جیهانیی ئاو لە بەغدا

١٣ی ئاداری ٢٠٢١ بەغدا

ئامادەبووانی بەڕێز،

ئامادەبوونم لە یەکەم کۆنفرانسی جیهانیی ئاو لە بەغدا لەسەر بانگهێشتی رێکخەرانی کۆنفرانس و لە جیاتی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق خاتو جینین هێنیس پلاسخارت، کە بەداخەوە خۆی نەیتوانی ئامادە بێت، مایەی شانازییە. لەڕاستیدا ئەمە کۆنفرانسێکی زۆر گرینگە چونکە ئاو و نەبوونی بەشێوەیەکی ریشەییانە بە خۆشگوزەرانی عێراق لە ئایندەدا گرێ دراون بەو پێیەی ئاو درێژە بە ژیان دەدات و کاریگەری لەسەر دابینکردنی خۆراک و ژینگە و ئابووری و هەتتا ئاسایشی مرۆییش هەیە.

عێراق هەر خۆشی بە مێژوو و فرە شارستانییەکەی بەناوبانگە کە لەنێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بنیات نراوە و گەشەی کردووە. زۆریی سەرچاوەی ئاو و بەکارهێنانی ئاو بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر و شێوازە ئاڵۆزەکانی ئاودێری بوونە مایەی گەشەکردنی ژیانی کشتوکاڵی و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان و دروستبوونی چەندین شاری گەورە بە درێژایی هەزاران ساڵ . بەڵام بارودۆخەکە گۆڕاوە و چەندان ئاماژە بۆ کەمبوونی ئاو لەسەرتاسەری وڵاتدا هەن وەک کەمبوونی ئاوی خواردنەوە و زۆربوونی رێژەی دانیشتوان و هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هەر تاکێکەوە و بەهەڵمبوونی ئاو لە بەنداوەکان و کەناڵی کراوەی ئاودێریی و خاک و زیادبوونی رێژەی شۆریی زەوی و بەبیابانبوون و داخورانی زەوی و پیسبوونی ژینگە.

گرینگترین هۆکارەکانی کەمبوونی ئاو گۆڕانکاریی ژینگەیی و کاریگەرییەکانییەتی بە تایبەتیش دابەزینی ئاستی بارانبارین لە عێراق و ئەو وڵاتانەی کە کەوتوونەتە سەر قەراغی ڕووبار و دووبارە بوونەوەی وشکەساڵی و هەروەها زۆر ڕوودانی خۆڵبارین.

هاوتەریب، هەندێ مامەڵەی ڕاستەوخۆیانەی مرۆڤەکانیش وەک بەڕێوەبردنی هەڕەمەکییانەی ئاو بۆ ماوەی چەندان دەیە و نەبوونی وەبەرهێنان بەهۆی نەبوونی شێواز و چوارچێوەی یاسایی و دروستکردنی چەندین بەنداوی زەبەلاح بە مەبەستی ئاودێری و بەرهەمهێنانی کارەبا و نەبوونی وشیاری لەلایەن دانیشتووانەوە لەسەر سەلامەتیی ئاویش کاریگەریی سەرەڕایان هەیە.

ئەم خراپبوونەی دۆخەکە زیاتر بەهۆی وێرانکارییەکی زۆری شەڕەکانەوە ڕووی داوە، بەتایبەتتریش ئەوەی ئەمدواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کە بووە مایەی وێرانکردنی چەندین ژێرخانی گشتی وەک ترومپاکانی ئاو و جۆگە و بەنداو و عەمباراو.

نەتەوە یەکگرتووەکان، لەهەمبەر ئەم بارودۆخە قورسە، کەوتووەتە گەڵ حکومەت لە چەند کارێکی پەیوەست بە ئاو و ئاوەڕۆی تەندروست و پاکڕاگرتنی تەندروست و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و چۆنایەتی ئاو و بەڕێوەبردنی ئەو کارەساتانەی کە پەیوەستن بە ئاوەوە.

سەرەڕای ئەمانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان بەهاناوەچوون ئەنجام دەدات بۆ پێویستییەکانی پەناهەندە و ئاوارە ناوخۆییەکان و ئاوارە گەڕاوەکان و توێژە هەرە لاوازەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ هاوکاریکردنی حکومەت بۆ ئاوڕدانەوە لە گیروگرفتە ژێرخانییەکان و ئاسانکاری کردن بۆ گفتوگۆی هەرێمایەتی و هەروەها هاوکاری لەسەر ئاو و ژینگە.

بە واتایەکی تر، ئەمە مانای باشکردنی بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوەی پاکە لە شارەكانی وەک بەسرە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ژێرخانی ئاودێری و گەشەدان بە "کشتوکاڵی زیرەکی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوا" و کردنەوەی نوسینگەی مەیدانی و ئاسانکاریکردن بۆ تواناسازیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتەکانی تریش.

ئەم هەفتەیە من ئامادەی کۆبوونەوەی "گرووپی هەماهەنگی" ی کۆمەکبەخش و هاوبەشکارە نێودەوڵەتییەکانی ئاو و کشتوکاڵ بووم و هەر لەوێش گوێبیستی دامەزراندنی "پلانی کارپێکردنی ئاو و کشتوکاڵ" بووم کە لەسەر بنەمای" پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی" و چەندین ستراتیژی ئەمدواییەی کەرتی و هەمەکەرتی و "پەڕی سپی" بنیات نراوە کە چاکسازییە ئابوورییە سەرەکییەکانیشی دەستنیشان کردووە. من خۆم دەسخۆشی لەم هەنگاوە دەکەم و لەو بڕوایەش دام کە بەیەکەوە دەتوانین کە کارە هەرە پێویستەکان سەرلیست بکەین.

من هەروەها مەودای بەکارهێنانی تکنۆلۆژیا و شێوازەکانی کۆکردنەوەی داتای هاوچەرخیش دەبینم وەک هەر کارێکی تر کە بەڕێوەبردنی ئاو پێویستی پێ بێت وەک هێلی بنچینەیی پتەو و تازەکردنەوەی ناوەناوە سەبارەت بە بارودۆخەکە.

ئەم کۆنفڕانسە جیهانییە بۆ عێراق و ناوچەکە زۆر گرینگە بەو پێیەی ئاو لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی سەرچاوەیەکی هاوبەشی نێوان وڵاتەکان و ژنان و پیاوانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگایی و هەرگیز ناشبێ ببێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە بەڵکو بە پێچەوانەوە پێویستە ببێتە مایەی هەماهەنگی و هاوکاری. من هەروەها خۆشحاڵیشم کە دەبینم عێراق شێوازی جیهانی لە ئاو و ژینگە پەیڕەو دەکات و دانیش بە پێویستبوونی هاوبەشکردن و هاوکاری لەسەر ئاستی جیهانی دادەنێت بۆ ئەوەی رێگە بە هاوبەشیکردنی سەرچاوەکان بدات.

پەسندکردنی " رێککەوتنی پاریس" لەلایەن سەرۆک کۆمار و چوونی عێراق بۆ ناو ئەو رێککەوتنە سەبارەت بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان دانپێدانانێکی گرینگی عێراقە بۆ پشتگیریکردن لەو وزانەی کە یارای (قابیلی) تازەکردنەوەن لەپێناو کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی غازی کاربۆن و هۆکارەکانی تری پیسبوونی ژینگە. ئەمە بە تایبەتی گرینگە کاتێک هۆشداری جیهانی بە ڕوونی کار لە هەبوونی ئاو دەکات لە ئایندەدا. بە هەمان شێوەش، من هەست بە هەنگاوی عێراقیش دەکەم بۆ پەرەدان بە "رێککەوتن" ەکە سەبارەت بە "پاراستن و بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانی دیوی سنوور و دەریاچە جیهانییەکان (رێککەوتنی ئاو)". ئەمە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی هەماهەنگیی ئەودیوی سنوور و بنیاتنانی گەشەپێدان و ئاشتیی درێژخایەنیش. من دەسخۆشی لە چوونەناوەوەی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و رێککەوتنە جیهانییەکانی تریش.

بێگومان ئاو وەک بۆ نمونە ئاوی خواردنەوە و وەک پێکهێنەرێکی سەرەکیی خۆراکی ڕۆژانەشمان پێویستییەکی بنەڕەتیی مانەوەی مرۆڤە کە بەبێ ئەو ژیانی سەر زەوی هەرگیز درێژەی نابێت. لەلایەکی تریشەوە، ئاو بۆ بەدەستهێنانی "کارنامەی ٢٠٣٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن"، نەک تەنها بۆ "ئامانجی ژمارە ٦ گەشەپێدانی درێژخایەن"، لەوپەڕی گرینگیدایە چونکە بەردەستبوونی ئاو و ئاوەڕۆی تەندروست بۆ هەمووان مسۆگەر دەکات و بەڵام وەک یەکێکیش لەو بناغانەی کە زۆربەی ئامانجەکان، گەر هەمووشیان نەبێت، بە یەکەوە گرێ دەدات.

بەم شێوەیە، راپۆرتەکانی پەیوەست بە کەمیی ئاو داوای کاری بەپەلە دەکەن و من لێرەشەوە دڵنیایی دەدەم کە خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی پشتگیریکردنی هەر جۆرە هەنگاوێکن کە ببێتە مایەی باشکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراقدا.

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.