سێ شەممە, 25 ئایار 2021 09:03

برەودان بە دادپەروەرى بۆ سنووردارکردنى گەندەڵى لە عێراقدا: پڕۆژەیەکى 15 ملیۆن یۆڕۆیى پشتیوانى شەفافیەت و بەرپرسیارێتى دەکات لە سەرانسەرى دامەزراوەکانى دەوڵەتدا

بەغدا،24 ى ئایارى 2021 ، ئەمڕۆ دەستپێشخەرییەکى 15 ملیۆن یۆرۆیى، کە مەبەست لێى نەهێشتنى گەندەڵى لە عێراق و پشتیوانیکردنى شەفافیەت و پەرپرسیاریەتى گشتییە، دەستیپێکرد، بە هاوبەشى لە نێوان شاندى یەکێتى ئەوروپا بۆ عێراق و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دامەزراوەکانى دەوڵەتى سەر بەحکومەتى عێراقى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستان.

پڕۆژەکە، بەناونیشانى پشتیوانیکردنى دەستپێشخەرییە دادپەروەرییەکان بۆ سنوردارکردنى گەندەڵى و برەودان بە چارەسەرکردنى ناکۆکییە بازرگانییەکان، کار لەسەر هەوڵە نیشتیمانییە عێراقییەکان دەکات بۆ باشترکردنى شەفافیەت و بەرپرسیارێتى لەسەرانسەرى دامەزراوەکانى دەوڵەت و پشتیوانى عێراق دەکات بۆ ئەوەى بەدەم پابەندییە نیشتیمانى و نێودەوڵەتییەکانیەوە بچێت لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیدا. هەروەها هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنى بوارى یاسادانان و چوارچێوە ستراتیژییەکانى دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و پشتیوانى کەرتى دادوەرى دەکات بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى باشتر پڕۆسەکانى بەرنگاربوونەوەى گەندەڵى بەڕێوەببەن و لەهەمان کاتدا برەو بە پەرەسەندنى دادگا بازرگانییەکان و میکانیزمەکانى حوکمدان دەدات. ئەمەش دەبێتە بەهێزکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى عێراقى بۆئەوەى ڕۆڵێکى چاڵاکتر بگێڕێت.

بەشێوەیەکى گشتى، ئەم پڕۆژەیە ئامانجیەتى کە پابەندبوونى عێراق بە ڕێککەوتننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە گەندەڵى باشتر بکات، کە لە ساڵى 2008 دا ڕەزامەندى لەسەر دراوە، هەروەها ئاسانکاری بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاوتر دەکات بۆ وەبەرهێنانى ئابوورى. بەشیوەیەکى یەکلاکەرەوە، پڕۆژەکە دەبێتە هۆى دەستەبەرکردنى پەیوەندییەکى باشترى نێوان هاوڵاتى و دەوڵەت و شەفافیەت و هۆشیارى گشتى.

ئەو چالاکییانەى دەکەونە چوارچێوەى ئەم پڕۆژەیەوە بریتین لە پشتیوانیکردنى دامەزراوە عێراقییەکان بۆ پێداچوونەوە بە یاسا نیشتیمانییەکانى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و گونجاندنیان بەشێوەیەکى باشتر لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنى دەرفەتى ڕاهێنان و ڕێنوێنى تایبەتمەند بەگوێرەى داواکان بۆ لێکۆڵەرانى بوارى گەندەڵى و دادوەرانى بوارى دەستپاکى.

پڕۆژەکە پشت بە هەماهەنگییەکى نزیک دەبەستێت لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەى دەوڵەتدا لە حکومەتى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستانى عێراق، کە هەریەکە لە ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان؛ دەستەى دەستپاکى فیدڕاڵى و هەرێم؛ ئەنجومەنى نوێنەران و پەرلەمانى کوردستان؛ نوسینگەى هەردوو سەرۆکوەزیرانى فیدڕاڵ و هەرێم و ڕێکخراوە سەرەکییەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى عێراقى لەخۆ دەگرێت.

باڵوێزى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بۆ عێراق، بەڕێز مارتن هوت، جەختى کردەوە کە "بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى پێویستى بە هەوڵێکى هەمەلایەنە و یەکگرتوو هەیە، لە لایەن هەریەکە لە حکومەتى عێراق و دامەزراوەکانى دەوڵەت و کۆمەڵگاى عێراقییەوە کە هەمیشە چاوکراوە و هۆشیارن. بەخستنەگەڕى ئەم دەستپیشخەرییە گرینگە، یەکێتى ئەوروپا پشتیوانییەکى گرینگى ئەو دامەزراوانەى دەوڵەتى عێراق دەکات کە لە بوارى دەستپاکیدا کار دەکەن. ئەم پڕۆژەیە هاریکارى عێراق دەکات لە پابەندبوون و بەدەمەوەهاتنى نیشتیمانى و نێودەوڵەتى خۆى بۆ ئەو چاوەڕوانیەى هاوڵاتیان هەیانە لە دەوڵەت بۆ ڕزگارکردنى عێراق لە پەتاى گەندەڵى. بەپەرۆشەوە چاوەڕێى بینینى ویستێکى بەهێز و بەردەوامى سیاسى و خاوەندارێتى نیشتیمانى و بەڕێوەبردنێکى هەمەلایەنەى ئەم دەستپێشخەرییەم بۆ سوودگەیاندن بە عێراق و گەلەکەى. "

خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق گوتى: "دانیشتوانى عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و داواى بەگژداچوونەوەى گەندەڵیان دەکرد. لە ئێستادا و لەهەموو کات زیاتر دەنگیان دەبیسترێت و نابێت چیتر فەرامۆش بکرێن. لەڕێگەى بەهێزکردنى شەفافیەت و بەرپرسیارێتى گشتى و برەودان بە چاکسازییەکانى بوارى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵییەوە، مەبەستمانە ڕۆڵى یاسا زیاتر فەراهەم بیت و متمانەى هاوڵاتیان بەو دامەزراوانە بگێڕینەوە کە خزمەتیان دەکەن. "

هەروەها بەڕێزیان گوتى: "زۆر سوپاسگوزارى هاوبەشە دێرینەکەمان دەکەین کە یەکێتى ئەوروپایە، و پابەندبوونیکى تەواوى خۆى بۆ یەکێک لە پڕئاستەنگترین و ئاڵۆزترین بابەتەکان لە عێراق و هاوبەشەکانمان لە دامەزراوەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نیشان داوە و متمانەیان بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان داوە بۆ سەرکردایەتیکردنى ئەم هەوڵە. "


زانیارى زیاتر لە پەرڕەى زانیارییەکانى پڕۆژەکەدا لێرەدا بەردەستە.

پەیوەندى میدیایى
خاتو فاى داوود، ڕاوێژکارى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. | +964 7801 976 460

بەڕێز ئه‌لسادق ئەلعەدلی، به‌رپرسى ڕۆژنامه‌وانى و پەیوەندییەکان لە نێردەى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ عێراق، ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.