چوار شەممە, 09 حوزەیران 2021 11:53

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کورتەیەک پێشکەش بە نوێنەرانی دیپلۆماسی دەکات سەبارەت بە ئەرکی پێسپێردراو (ماندێت) تازە، یونامی کار بۆ بەهێزکردنی توانای عێراق دەکات بۆ هەڵبژاردن و هەروەها گەشەپێدانی روونی

بەغدا، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ :- ئەمڕۆ لە بەغدا نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جینین هێنیس پلاسخارت، کورتەیەکی سەبارەت بە دواترین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر عێراق و فراوانکردنی ئەرکی پێسپێردراوی یونامی (ماندێت) پێشکەش بە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق کرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە ٢٥٧٦ ی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١ دا دەسخۆشی لە هەوڵەکانی عێراق کرد بۆ پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و گشتگیر بە بەشداری تەواو و یەکسانانەی ژنانیشەوە.

بڕیارەکە هەروەها دەسخۆشی لە داوایەکەی عێراقیش کرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی راوێژ و پشتگیری و هاوکاریی تەکنیکی زیاتر بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن هەرچەندە یونامی هەر پێشتریش ڕاوێژی داوەتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دانانی چوارچێوەی یاسایی و راهێنان و رێوشوێنەکان و ئامادەکاری لەسەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاری لۆژیستی و تکنۆلۆژیی پەیوەندی و هەماهەنگی مەیدانی و پەیوەندییەکان و پلانی سەقامگیری لەسەر ئاستی حکومەت و بارەگای سەرەکی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.

لەمبارەوە، خاتو پلاسخارت وتی "مەبەست لە دامەزراندن و بەکارخستنی زیاتر لە ٧٠ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەهێزکردنی توانای هەڵبژاردنی عێراق و گەشەپێدانی روونییە لەپێناو دروستکردنی متمانە بە دامودەزگا و پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا."

ئێستا یونامی بەشێوەیەکی قۆناغبەند و لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەرقاڵی دامەزراندنی تیمی زیاترە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن. خاتو پلاسخارت بانگهێشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کرد بۆ پشتگیریکردنی ئەم هەنگاوە لەپێناو بەکارخستنی کارمەندی هەلبژاردنی تەواو.

ئەو هەروەها وتی "بە وەڵامدانەوەی ئەرێنییانەی بۆ حکومەتی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری دا بە تەرخانکردنی تیمێکی کارای سەرەڕا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو لە عێراقدا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو ناوچەکاندا و هەروەها پێدانی هاوکاریی هەڵبژاردن بەشێوەیەک کە رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت."

وێڕای جەختکردنەوەشی لەسەر ئەوەی کە هەموو عیراقییەکان پێویستە بە ژمارەیەکی زۆر مافە دیموکراتییەکانیان لە دەنگداندا بەکار بهێنن بۆئەوەی بتوانن ئەم هەڵبژاردنانە بکەنە بەردەباز بۆ بنیاتنانی دیموکراتی لە مێژووی عێراقدا، خاتو پلاسخارت زیاتر وتی" خەڵکی عێراق دلێرانە داوای هەڵبژاردنیان کرد و بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە گوێیان لێ بگیرێت. ئەمە وڵاتی ئێوەیە و دەنگدانتان دەتوانێت ئایندەتان رەنگڕێژ بکات. نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوی پشتگیری لە داوایەکانی خەڵکی عێراق دەکات بۆ هێنانەدی سیستەمێکی سیاسی کە بە ڕاستی نوێنەرایەتییان بکات و ئاواتەکانیان بەدی بێنێت. هەڵبژاردنی تشرینی یەکەم دەتوانێت ئەم خەونە بکاتە ڕاستی و بەمەش خۆشبەختانە دەتوانێت بناغەی عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و تۆکمە دابمەزرێنێت."

هەر لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، ئەو خاتوونە بە ڕوونی وتی کە هەڵبژاردن لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە بەڕێوەدەچێت و هەر بۆ ئەوانیشە."بێگومان ئەرکی دامودەزگاکانی عێراق و سەرکردایەتیی سیاسییە کە ڕوونی و لێپێچینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا پەیڕەو بکەن. هەڵبژاردن پێویستە لە کەشێکی ئارامدا ئەنجام بدرێت کە پاڵێوراوەکان بتوانن هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان ئەنجام بدەن و دەنگدەرانیش بتوانن بێ کێشە و سەربەستانە دەنگی خۆیان بدەن. "

شایانی باسە، یونامی ڕاپۆرتە دەورییەکانی لەسەر پرۆسەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر https://bit.ly/3g1fClb بڵاو دەکاتەوە.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی، لەسەر ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.