سێ شەممە, 20 تەمموز 2021 20:06

راهێنانێکی یونیدۆ بۆ چاککردنەوەی مۆبایل دەرفەتی کار بۆ گەنجانی قەزای شێخان دەڕەخسێنێت

شێخان،– ئیبراهیم عەبدولکەریم بەخێرهاتنی کڕیارەکانی دەکات لە دوکانی مۆبایلەکەیدا کە بە گووڕ و وزەی گەنجانەی خۆی کاری تێدا دەکات. ئەو بەم دواییانە خولیکی لەسەر چاککردنەوەی مۆبایل تەواو کردووە و بە جۆشە بۆ ئەوەی شارەزاییەکانی و کەلوپەلە نوێیەکانی لە کارەکەیدا بەکار بهێنێت. بەڵام لە پشت گڕوتینەیەوە، خەمێك هەیە.

"بەڵێ خۆم زۆر گەنجم، بەڵام وەك پیاوێکی پیرم لەبەر ئەوەی کە بەسەر خێزانەکەمدا هاتووە. من لە ساڵی ٢٠٠١ لەدایك بووم، بەڵام ژیان پیری کردم،" وەهای باس کرد.

ئیبراهیم و خێزانەکەی خەڵکی موسڵن. خێزانەکەی ئیبراهیم، کە هەشت خوشك و برای هەیە، ژیانێکی باشیان هەبوو لەو شارەی باکوری عێراق. خانوویەکی جوان و کاری باشیان هەبوو و دەشچوونە قوتابخانە. بەڵام ئەمنییەت و سەقامگیرییان نەبوو.

کاتێك کە تەمەنی ١٣ ساڵ بوو، برا گەورەکەی رۆژێکیان گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە خێزانەکەیی راگەیاند کە پێویستە بڕۆن. بێ هیچ شتێك جگە لە جلوبەرگی خۆیان، خێزانەکەی موسڵیان بەجێ هێشت و هاتن بۆ شێخان. ئەمەیش تەنها یەك هەفتە بوو پێش ئەوەی گروپە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە هاوینی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت.

ئیبراهیم باش بە بیری نایەتەوە چی رووی دا کاتێك کە لە موسڵ هەڵهاتن. یادەوەرییەکانی روون نین سەبارەت بە ئەو رۆژەی ماڵەکەی خۆیان بەجێ هێشت و هاتن لە شێخان لە سەر جادە خەوتن. پێیوایە کە ئەوکات تووشی شۆك هاتبوو و بەشی زۆری ئەوەی لە رۆژە سەختانەدا بەسەریان هات لە یادی خۆی بردووەتەوە.

ئەو ووتی، "کاتێك کە گەیشتینە شێخان، لەسەر جادە ماینەوە. هیچمان نەبوو،" بەڵام هیچ نەبێت پارێزراو بوون.

ئیبراهیم نەگەڕایەوە بۆ قوتابخانە. بۆ ئەو قوتابخانە بە کایەیەکی خۆشگوزەرانی ئەژمار دەکرا کە بە خێزانەکەی هەڵنەدەسووڕا. لەبری ئەوە، دەستی بە کارکردن کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانەکەی بدات. برایەکی گەورەتری لە گۆشەیەکی سەر شەقام دەستی کرد بە فرۆشتنی پێداویستییەکانی مۆبایل و ئیبراهیمیش کاری لەگەڵدا دەکرد. دوو ساڵ پاشتر، کارەکەیان گواستەوە بۆ ناو دوکانێك.

ووتیشی، "کاتێك کە منداڵ بووم و مۆبایلم گرتە دەست، حەزم کرد دەستکاریی بکەم و بزانم چۆن کار دەکات، بەڵام هەرگیز نە دەرفەت و نە پارەی ئەوەشم نەبوو کە بەشداری خولێك بکەم." ئەمساڵ ئەو دەرفەتەی بۆ رەخسا کاتێك کە جێگەیەکی بۆ پێشنیار کرا لە خولێکی راهێنان کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ) ئەنجام درا.

لەو خولە 17 روژيه بەشداربووانی فێری چاککردنەوەی مۆبایل و پرۆگرامسازیی بنەڕەتی بوون، ئەو خولە بەشیک بوو لە چالاکیەکانی پرۆژەی "پەرەپێدانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و خێراکردنی چالاکبوونەوەی ئابووری لە پارێزگاری نەینەوا لە عیراق" کە لەلایەن حکومەتی ژاپۆن پاڵپشتی کرابوو.

ئیبراهیم بە شانازییە باس لەوانە دەکات کە فێریان بووە و دەستی رادەکێشێت بۆ هەندێ کاری بەشەکانی ناوەوەی چەند جۆرێکی جیاوازی مۆبایل کە لەناو دەفتەرەکەیدایە و ئینجا پشتی مۆبایلێك دەکاتەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە دەتوانێت چی بکات. شاشەی شکاو و درزبردوو یەکێك لەو کێشە سەرەکییانەی کڕیارەکانی دەیانەوێت چاکی بکەنەوە و ئیبراهیمیش بە ئاسانی دەتوانێت شاشە بگۆڕێت. هەروەها دەتوانێت ئەو مایکرۆفۆن و قاعیدە شەحنکردنانەش بگۆڕێت کە بەهۆی ئاوەوە تێك چوون و، هەروەها دەتوانێت مۆبایل ئەپدەیت بکاتەوە و، زانیاری لە مۆبایلێکەوە بۆ یەکێکی دی بگوازێتەوە.

لە پاش تەواوکردنی ئەو خولەی راهێنان، کۆمەڵێك کەرەستەی چاککردنەوەی مۆبایلی پێ درا کە پێك هاتبوون لە هەندێك ئامراز و، ئامێرێکی فرە پێوەری کارەبا و، ئامێرێکی پێدەری کارەبای تەوژم بەردەوام ولاپتۆپێك. ئیبراهیم ئەم کەرەستانەی بە جوانی لە دوکانە بچوکەکی براکەیدا رێك خستووە و بە شانازییەوە تیشێرتێکی یونیدۆی لەبەر کردووە.

"زۆر شانازی بە ئەو خولەوە دەکەم،" ئەو هه روه ها ووتی. "لەوێ فێر بووم چی بکەم."

ئەو خولەی یونیدۆ ئەو راهێنانە فەرمییەی پێی دا کە پێویستی بوو کاتێك کە قوتابخانەی بەجێ هێشت و لە تەمەنێکی کەمدا دەستی بە کارکردن کرد. ئەم خولەی ئیبراهیمی خستەی سەر رێچکەی کارێك و چاوی لەوەیە کە زیاتر لەبارەی مۆبایلەوە فێر ببێت و، زانینی خۆی فراوان بکات تا کۆمپیوتەریش بگرێتەوە بەڵکو رۆژێك بێت دوکانێك بۆ خۆی بکاتەوە.

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNIDO
© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.