پێنج شەممە, 21 کانونی یەکەم 2017 10:33

راهێنانێك له‌سه‌ر كاره‌كانی پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی له‌ ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كانی عیراقدا

به‌غدا، ٢٠ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٧:- به‌رنامه‌یه‌كی راهێنان بۆ ئاوێته‌كردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ به‌ كاره‌كانی پۆلیسی كۆمه‌ڵگەییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانی عیراقدا هه‌لی بۆ ٦٠ پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ره‌خساند بۆ چه‌ق خستنه‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی پۆلیس به‌گوێره‌ی چه‌مكه‌كانی مافی مرۆڤ و كاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ جێنده‌ره‌وه‌ له‌ پێناو باشتر خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا.



پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی چه‌مكێكی گرنگه‌ بۆ دروستكردنی كه‌شێكی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ و رێكوپێكانه‌ی ئاوا‌رە ناوخۆییه‌كان بۆ سه‌ر ماڵ وحاڵی خۆیان له‌ ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كاندا.

راهێنانه‌كه‌ له‌ژێر سه‌رباسی "سه‌كۆیكاری راهێنان سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی له‌ ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كانی عیراقدا" له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامییه‌وه‌، به‌ هاوكاریی رێكخراوی (یونۆپس) و وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق و له‌سه‌ر ئه‌ركی دارایی حكومه‌تی یابان، ئه‌نجام درا.

راهێنانه‌كه‌ به‌ دوو خولی چڕوپڕه‌وه‌ له‌ ١١-٢٠ی ئه‌م مانگه‌ بۆ ٦٠ پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی (ژن و پیاو) ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی نه‌ینه‌وا و دیاله‌ و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركوك ئه‌نجام درا. چه‌قی خوله‌كانیش له‌سه‌ر چه‌مكه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مافی مرۆڤ و كاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ جێنده‌ر و سیسته‌می مافه‌كانی مرۆڤی یونامی و پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسوكه‌وتی پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان و خه‌ڵكی لێقه‌وماو بوو.

خوله‌كه‌ بووە مایەی ئاشناکردنی هه‌یسه‌م عه‌دنان حه‌سسانی له‌ پۆلیسی دیاله‌ به‌ شێوازه‌كانی جێبه‌جێكردنی پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ له‌ كاری پۆلیسیدا.

‍ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ خوله‌كه‌ وتی "من هیوادارم كه‌ بتوانین به‌ كرده‌نی چه‌مكه‌كانی ئه‌م راهێنانه‌ له‌به‌ر رۆشنایی "رێككه‌وتنه‌كان" و "بنه‌ماكانی هه‌ڵسوكه‌وت" له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا پیاده‌ بكه‌ین. من هه‌روه‌ها هیوداریشم كه‌ نه‌ته‌و ه‌یه‌كگرتووه‌كان درێژه‌ به‌م جۆره‌ خولانه‌ بدات به‌و پێیه‌ی چه‌ندان پۆلیس ناوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان بیستووه‌ به‌ڵام هیچ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ و كاری پۆلیسی نازانن".

لای خۆیه‌وه‌، راهێنه‌ر شه‌هلا سه‌عید له‌ نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامی وتی "له‌ راستیدا به‌شداربووان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاویان له‌ تێگه‌یشتن له‌ تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵگەیی و پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌وان هه‌روه‌ها پشتگیرییه‌كانیان بۆ چه‌مكه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و تێگه‌یشتنیان له‌ جێنده‌ر و مافه‌كانی منداڵ زیاتر به‌هێز كردووه‌‌. به‌شداربووان ئاره‌زووی زۆری خۆشیان نیشاندا بۆ فێربوونی شێوازی رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و چۆنییه‌تی باشكردنی په‌یوەندییان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا".


له‌لایه‌كی تره‌وه‌، نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامی پلانی ئه‌نجامدانی به‌دواداچوونی بۆ ئه‌م به‌رنامه‌ هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی "راهێنانی راهێنه‌ران"ه‌وه‌ له‌ كانونی دووه‌می ٢٠١٨دا كه‌ ئه‌ویش ١٢ به‌شداربوو له‌خۆده‌گرێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش دواجار راهێنان به‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی تری پۆلیسی كۆمه‌ڵگەیی بكه‌ن بۆ پشتگیریكردن له‌ رۆڵیان كه‌ ئه‌ویش پێویسته‌ به‌ به‌ها و بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ پشت ئه‌ستوور بێت.


****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.