شەممە, 23 کانونی یەکەم 2017 20:53

ئەنجامی لێکوڵینەوەکانی یونامی لە توزخورماتو

بەغدا، عیراق، ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧- چەند تیمێک لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) هەڵسان بە ئەنجامدانی سەردانێکی چاودێریکردنی توزخورماتو کە لەوێدا خانوو و دوکانی زیانبەرکەوتوویان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بینی لەو شارە ئیتنی و ئایینییە تێکەڵاوە لە دەرئەنجامی گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاسایش لەو ناوچەیە لە مانگی تشرینی یەکەم.

لەوەتەی سەرهەڵدانی توندوتیژییەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە توزخورماتو، یونامی چەندان هەواڵی پێشێلکاری و توندوتیژی دژی مافەکانی مرۆڤ بەدەست گەیشتووە، بەتایبەتیش دەربارەی کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی و دوو سکاڵای توندوتیژی سێکسی. ئەو ڕووداوانە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. بەهەمان شێوە یونامی ژمارەیەکی زۆری سکاڵای لەسەر زیان گەیاندن و ڕووخاندنی موڵکی هاوڵاتییان لە بەرواری ١٦ و ١٧ی تشرینی یەکەمەوە بەدەست گەیشتووە و لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە. ژمارەیەک لەو سەرچاوە و شایەتحاڵانە باسیان لەوە کردووە کە هاوڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی گرووپە چەکدارە تورکمانەکان بەو کارانە هەڵساون و دانیشتووانییان تۆقاندووە و زۆرێک لە دانیشتووانیش لەترسان شارەکەیان جێهێشتووە. ناسنامەی بکەرانی ئەو تاوانانە هێشتا نەزانراوە.

یونامی ڕاپۆرتی ئەو ڕووداوانەی لە ئاوارە ناوەخۆییەکانی توزخورماتو کە ئێستا لە کەرکوک و سلێمانی و هەولێر نیشتەجێن و لە کاربەدەستانی حکومی و ئاسایش و هەواڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی کۆمەڵگەیی و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیشەوە بەدەست گەیشتووە. زۆرێک لە ئاوارە ناوەخۆییەکان هۆکاری ئەو توندوتیژییانەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو گرژییانەی نێوان کۆمەڵگەی کوردی و تورکمانە شیعەکان. هەروەها باسیان لەوە کردووە کە زۆربەی کردە تێکدەرەکان و تاڵانکردنەکان لەدوای دەرچوونی دانیشووانی کورد لە شارەکە ڕوویانداوە و زۆرێک لەو ئاوارانەش هێشتا نەگەڕاونەتەوە. سەرباری ئەوەش، زۆر لە گەواهیدەران باسیان لەوە کرد کە تاڵانکردنی ماڵی هاوڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەهەرەمەکی لە گەڕەکی خۆیان ئەنجامدراوە بەڵام زەرەروزیانە گەورەکان بەشێوەی ئامانجدار ئەنجامدراون – بۆ نمونە لەسەر بنەمای لایەنگیری سیاسی و ئاسایش.

لە ١٤ی کانوونی یەکەمەوە و بەگوێرەی ژمارەکانی ڕێکخراوی جیهانی کۆچ [1]، ١٤٤٠ خێزان (٨٦٩٤ کەس) لە توز خورماتو ئاوارەبوونە لە دوای ڕووداوەکانی ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم. ٤٤٤ خێزانی ئاوارە (٢٦٦٤ کەس) گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان. یەکێک لە ئاوارەکان بە یونامی ڕاگەیاند "من لە سەلامەتی گیانی خێزانەکەم دەترسم. ءیمە نامانەوێ بگەڕێینەوە هەتا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن. ناردنی هێزی کۆماندۆی عیراقی بۆ ناو شاری خورماتو بۆ پاراستنی گەڕەکەکەمان کارێکی باشە، چونکە ئەوان بێ لایەنن". ئاوارەیەکی تر وتی "ئێمە ناوێرین بگەڕێینەوە، چونکە گەڕەکەکانی ئێمە تۆپباران دەکرێن".

تیمەکانی یونامی دوو سەردانی چاودێریکردنیان لە بەرواری ٧ و ١٤ی کانوونی یەکەم بۆ توزخورماتو ئەنجامداوە، مەبەستی سەرەکی لەو سەردانانە بریتیبووە لە هەڵسەنگاندنی سکاڵاکانی ڕوخاندنی خانوو و موڵکی هاوڵاتییان بووە. تیمەکان سەردانی گەڕەکەکانی عەسکەری و ئیمام ئەحمەد و جمهوری و جەمیلە کرد. تیمەکەی یونامی لە سەردانی یەکەمیاندا بۆ گەڕەکەکانی عەسکەری و ئیمام ئەحمەد تێبینی ئەوەیان کرد کە هەردوو گەڕەک ژمارەی دانیشتووانی تورکمانیان زۆرە، باڵەخانەیەک بەهۆی گولە هاوەنەوە تێکشکابوو. هەروەها یونامی تێبینی ئەوەی کرد کە باڵەخانەی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شارەکە زیانی بەرکەوتووە و پیشانگایەکی ئۆتۆمبێلیش لە باکوری شارەکە بەهۆی گڕگرتنەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. لە میانەی ئەو سەردانەدا، یونامی چاوی کەوت بە نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەوانی توزخورماتو کە نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە و تورکمانی شیعە و کۆمەڵگەی کوردەکانیان دەکرد. ئەندامێکی یەکەکانی حەشدی شەعبی تورکمانی و ئەفسەرێکی پلەباڵای پۆلیسی شارەکەش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدرا. تیمەکە هەوڵیدا لێدوانی بێلایەنانە دەربارەی راست و دروستی رووداوەکان و چۆنیەتی ڕووداوەکان و هەروەها زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و زانیاری دەربارەی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی بێلان کۆکراونەتەوە.

لە پێش سەردانی دووەم لە بەرواری ١٤ی کانوونی یەکەم، یونامی زانیاری و شیکردنەوەی وێنەی مانگی دەستکردی ناوچە و گەڕەکە کورد نشینەکانی جمهوری و جەمیلەی لەپێش و لە دوای توندوتیژییەکان بەدەست گەیشتبوو. وێنەکان دەریان دەخست کە بەلانی کەم ٢٩ خانوو لە گەرەکی جمهوری و ١١ خانوو لە گەرەکی جەمیلە زیانیان بەرکەوتووە. لە میانەی سەردانەکەشدا، تیمی یونامی تێبینی ئەوەیان کرد کە نزیکەی ١٠٠ سوتێنراون یان ڕووخێندراون لە شەقامی سەرەکی بازاڕی جمهوری کە زۆرێک لەوانە نەدەتواندرا لە وێنەکانی مانگی دەستکرد ببینرێن. تیمەکە هەروەها تێبینی ئەوەیان کرد کە زیاتر لە ٣٠ خانوو سوتێنراون یان زیانیان بەرکەوتووە. پێنج خانوو لە گەرەکی جەمیلە و یەک خانووش لە گەرەکی جمهوری ڕووخێنرابوون.

تیمەکە ڕایگەیاندووە کە دۆزینەوەی ئەو خانوو و باڵەخانانەی گوایە تاڵانکراون کارێکی ئەستەم بوو دووپاتبکرێنەوە مەگەر دەرگاکانیان کراوەبوونایە. هەروەها زۆرێک لە خانووەکان نەدەتواندرا بچنە ژوورەوە بەهۆی دیواری بەرز یان لەناو کۆمەڵگەی داخراودابوون، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەتواندرێ بە زیانبەرکەوتوو یان تاڵانکراو لەقەڵەم بدرێن. لەبەر ئەوە وایدادەنێت کە ژمارەی ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە یان تاڵانکراون لەوانەیە زیاتر بێت. لەڕاستیدا، یونامی سکاڵای زۆر زیاتری بەدەست گەیشتووە و بەپێی ئەو سکاڵایانەش ژمارەی خانووە زیان بەرکەوتووەکان زۆر زیاترە.

تیمی یونامی بەهەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر لە نووسینی سەر دیوارەکان بەرچاوکەوتووە کە لەسەر دیواری ماڵی تورکمانەکان نووسراون، گوایە بۆ ئەوە نووسراون تاکو بەدووربن لە زیان بەرکەوتن یان تاڵانکردن. ئاوارەناوەخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە داوا لە هاوڕێ تورکمانەکانیان یان هاوسێکانیان دەکەن کە لەسەر ماڵەکانیان بنووسن تاکو پارێزراوبن.

یونامی بەردەوام نیگەرانی خۆی دەربڕیوە دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی توزخورماتو و سکاڵاکانی ڕووخاندنی خانوو و موڵکی هاوڵاتیان هەم لەڕێگەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی ١٩ی تشرینی یەکەم و ١٢ی کانوونی یەکەم هەم لە میانەی پیشکەش کردنی کورتەیەک لەلایەن بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرواری ٢٢ی تشرینی دووەمدا. یونامی داوا لە دەسەڵاتدارانی عیراقی دەکات کە هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە توزخورماتو بەتایبەتی بەهۆی تۆپبارانکردنەکانی ئەم دواییە، تاکو ئاسانکاری بکرێت ئاوارەکان بە سەلامەتی و بە سەربەرزی و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە. هەروەها ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان لەوەتەی ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەبێ بە سزای خۆیان بگەن. هەروەها یونامی نیگەرانی خۆی دەربارەی تۆپبارانە هەرەمەکییەکانی ئەم دواییە دەربری کە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن و کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی لەنێو کۆمەڵگەی تورکمانی لە شارەکەدا و هەروەها دەبێ ئەو کردانەی دەبنە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی کۆمەلگەی کوردی و تورکمانی دەست بەجی کۆتاییان پێبهێرنێت.

__________________________________


[1] سیستەمی ڕێکخراوی جیهانی کۆچ بۆ بەدواداچوونی ئاوارەکان چاودێری جموجۆڵی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچە جێناکۆکەکان لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ەوە کردووە. لە هەفتەی سەرەتایی قەیرانەکەدا بارودۆخەکە زۆر نالەباربوو و هەندێک لە ئاوارەکان لەدوای چەند رۆژێک دەگەڕانەوە ماڵی خۆیان. لەبەرئەوە تێکڕای ژمارەی گەڕاوەکان دەبێ بە هەستیارییەوە لێکبدرێتەوە.

********

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و جێگری ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید دەهەب ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.