شەممە, 23 کانونی یەکەم 2017 23:13

یونامی جەخت لە دەستبەجێ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دەکات لەدوای خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی سلێمانی

سلێمانی، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ – شاندێکی باڵای نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) لە میانەی چەند کۆبوونەوەیەک لە سلێمانی لە ٢١ و ٢٢ی کانوونی دووەم لەگەڵ کاربەدەستانی حکومی و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەسەر پێویستیی ئارامکردنەوەی گرژییەکان لەو پارێزگایە کردەوە، بە تایبەتی لەدوای خۆپیشاندانەکاندا کە بوونە هۆی توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و بریندابوون و بەداخەوەش گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان.

شاندەکە لەگەڵ چەندان سەرکردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆبووەوە، لەوانە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عیراق و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی و چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایە و هەروەها چاڵاکوانانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو هاووڵاتییانەی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکەیان لەسەربوو.

مەبەست لەو کۆبوونەوانە دەربڕینی نیگەرانی زۆری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەمەر توندوتیژییەکانی نێو خۆپیشاندانەکانی چەن ڕۆژی پێشوو وەک تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و سوتاندنی بارەگای پارتە سیاسییەکان و باڵەخانەی حکومی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا.

شاندەکە جەختی لەسەر مافە ڕەواکانی هاوڵاتییان کردەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی یاسادا. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی دانبەخۆداگرتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و تەکنیکی پۆلیسی مۆدێرن بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە زیاتر گرژبوونی بارودۆخەکە. نوێنەرانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکیان خستەسەر بەرپرسیارێتی دەسەڵات لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، بە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانیشەوە و پارستنی مافی مرۆڤیان و هەروەها داوایان لە هێزەکانی ئاسایشیش کرد کە سەلامەتی و شکۆی خۆپیشاندەران بپارێزن.

تیمەکەی یونامی بەهەمان شێوە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە خۆپیشاندەرانیش بەرپرسیارن لەوەی دەنگی خۆیان بەشێوەیەکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا بگەیەنن و نابێ پەنا ببەن بۆ توندوتیژی لەدژی هێزەکانی ئاسایش و ناشبێ زیان بە موڵکی گشتی و تایبەتی بگەیەنن.

یونامی لە نیگەرانی و گیروگرفتەکانی خۆپیشاندەران تێدەگات. ئاسایشی ژیان لەژێر قەیرانی بەردەوامی داراییدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بۆتەوە. نوێنەرانی یونامی دووپاتیان کردەوە کە نێردەکە ئامادەیە، ئەگەر لەلایەن هەردوولا داوایان لێبکرێت، بۆ بەکارهێنانی نووسینگەکانی بەمەبستی دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان حکومەتی فیدڕالی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە کێشەی دابەشکردنی بودجەی فیدڕالی و پێدانی موچە و کۆنتڕۆڵی سنوورەکانیشەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی هەموو هاوڵاتییانی عیراقی دوابەدوای سەرکەوتنە سەرسەختەکەیان بەسەر داعشدا.

شاندەکە پرسیاری دەربارەی دەست بەسەرکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتەوە کرد، بەتایبەتی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕابون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. یونامی داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە لە پرۆسەیەکی داپەروەر و شەفافدا لێکۆڵینەوە لەو کردە تێکدەرانانەدا بکات و ئەوانەی دەستیان هەبووە لە نانەوەی ئاژاوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی یان لەڕێگەی فریودان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.


********

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و جێگری ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید دەهەب ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.