یەک شەممە, 24 کانونی یەکەم 2017 09:50

راهێنانی یونامی به‌ بانگه‌وازێك بۆ به‌هێزكردنی توانای ژنان له‌ به‌شداربوونی كاریگه‌رانه‌یان له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی و پرۆسه‌ی رێككه‌وتنی مێژووییدا كۆتایی هات

به‌غدا، ٢٢ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٧:- راهێنانێكی پێشكه‌وتوو بۆ به‌هێزكردنی به‌هره‌ی دانوستان و میانگیری بۆ گروپێک لە رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ژنانی سه‌ركرده‌ له‌لایه‌ن یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنانه‌وه‌ له‌ رۆژی ٢٠ی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدا کۆتایی هات به‌ بانگه‌واز بۆ زیاتر به‌شداریپێكردنی ژنان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ ئاشته‌وایی ناو كۆمه‌ڵگا و ئاشته‌وایی نیشتمانی و رێككه‌وتنی مێژووییدا. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، راهێنانه‌كه‌ به‌دواداچوونێكیش بوو بۆ ئه‌و راهێنان و سه‌كۆیكاره‌ بنچینه‌ییانه‌ی كه‌ پێشتر بۆ هه‌مان به‌شدرابووان له‌ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ ئه‌نجام درابوون. مه‌به‌ستی راهێنانه‌كه‌ ژنانی سه‌ركرده‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ببنه‌ میانگیر و ئاسانكاری كاریگه‌ر و هه‌ر‌وه‌ك چۆن چه‌قیشی خستبووه‌ سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی كه‌ ژن ده‌توانێت له‌ دروستكردنی ئاشتی و دانوسان و پرۆسه‌ی سیاسیدا بیگێڕێت. پێشتریش راهێنان و سه‌كۆیكاری هاوشێوه‌ بۆ ٦٠ ژنی سه‌ركرده‌ و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شار و شارۆچه‌كه‌كان له‌ پارێزگاكانی میسان و كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و به‌سڕ و واسیت و بابل ئه‌نجامدرابوو.

له‌ راهێنانه‌كه‌دا ژنانی سه‌ركرده‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئاماده‌بوونیان بۆ "یونامی" و "رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان" ده‌كرده‌وه‌ بۆ داكۆكیكردن له به‌شداریی ته‌واویان و هه‌روه‌ها له‌ پێشوازیكردنیان بۆ هه‌ر هه‌لێكی به‌شداربوونیان له‌ دانوستان و ئاشته‌واییدا شانبه‌شانی پیاوان. ئه‌وان ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی چه‌ند تۆڕه‌په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌ ناو كۆمه‌ڵگاكانی خۆیاندا بۆ تاوتوێكردنی پرسه‌كانی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ی وه‌ك دروستكردنی متمانه‌ له‌ ناو خه‌ڵكه‌ به‌ركه‌وتووه‌كاندا و خاوكردنه‌وه‌ی په‌ڕگیری و توندڕه‌وی و ئاشتكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان. ئه‌وان هه‌روه‌ها هانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشیان دا بۆ پاڵپشتیكردنی هه‌وڵه‌كانیان بۆ سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ وێرانبووه‌كان له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی داعشدا. ئه‌وان داوای به‌هێزكردنی به‌شداریی ژنان له‌ دانوسان و بواره‌ سیاسییه‌كان، كه‌ بۆ ژنان تا راده‌یه‌ك سنوورداره، له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرد.

وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر گرنگیی به‌هێزكردنی توانای ژن له‌ به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی و رێككه‌تنی مێژووییدا ، خاتو مباتلاهرۆ نۆنۆ دیهێمۆ، راوێژكاری جێنده‌ری یونامی ، وتی " سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له‌ پرۆسه‌ی دانوسان و میانگیریدا له‌ عیراق ته‌نها پێشكه‌وتنی سنووردار روویداوه. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش دیدی ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ ژن له‌م جۆره‌ پرۆسانه‌ی كه‌ ئاینده‌ی وڵات ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن توانا و متمانه‌ی ته‌واوی نییه‌ ".

به‌لام هێشتاش ژنی عیراق توانای هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌شی نیشانداوه‌ كه‌ توانای سه‌ركردایه‌تیكردن و كارتێكردنیشی له‌ بواره‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌. خاتو دیهێمۆ زیاتر وتی "سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌شه‌دان به‌ به‌شداریی ژنان، هه‌روه‌ك له‌ "پلانی كارپێكردنی نیشتمانی"شدا هاتووه،‌ به‌ڵام رێژه‌ی به‌شداریی راسته‌وخۆی ژن له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانیدا هه‌ر به‌ نزمی ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و هه‌وڵی ئاشناكردنی پرسه‌كه‌ هه‌یه‌".

ئه‌و خاتوونه‌ وتی كه‌ ئه‌و چاوی به‌ سه‌ركرده‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی كه‌وتووه‌ و باسی ئه‌و شێوازانه‌شی له‌گه‌ڵ كردوون كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی به‌شداریی ژنان له‌ بڕیاردان و پرۆسه‌ی سیاسیدا. ئه‌و خاتوونه‌ هه‌روه‌ها دڵنیاییشی دا كه‌ یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ژنان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كاندا كار ده‌كه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێوشوێن و چوراچێوه‌ یاساییانه‌ كه‌ به‌شداریی ژنان له‌ هه‌ر سێ كۆڵه‌گه‌كه‌ی حكومه‌ت مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ بواری داد‌وەریدا كه‌ تێیدا رێژه‌ی ژن له‌ خوار پێویسته‌وه‌یه‌ و هه‌مان رێژه‌ كه‌مه‌ش له‌ بواره‌كانی پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی ناو كۆمه‌ڵگه‌ و كابینه‌ی حكومی و داموده‌زگا حكومییه‌كانیشدا به‌ زه‌قی هه‌ستی پێ ده‌كرێت.


********

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و جێگری ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید دەهەب به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.