یەک شەممە, 14 کانونی دووەم 2018 09:36

له‌سه‌كۆیكارێكی هه‌ڵبژاردندا، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دڵنیایی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد نیشان دا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌ڵێنی یارمه‌تیی ته‌كنیكیی زیاتری دا

سلێمانی ، عیراق، ١٢ی كانونی دووه‌می ٢٠١٨:- هه‌رچه‌نده‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان روبه‌ڕووی چه‌ندان ئاڵنكار (ته‌حه‌ددی) بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر ئه‌و گرفته‌كاندا هه‌یه‌ و له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردیش له‌ كاتی خۆیدا له‌ ١٢ مانگی ئایاری داهاتوودا دڵنیایه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵێنی درێژه‌دانی به‌ یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌كانی دا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی كاریگه‌ر و بێگه‌رد كه‌ بتوانێت متمانه‌ی ده‌نگده‌رانی عیراق و سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت.

له‌ سه‌كۆیكارێكی دوو رۆژه‌دا له‌ سلێمانی له‌ رۆژانی ١٢-١٢ی ئه‌م مانگه‌دا‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵێنی درێژه‌دانی به‌ پشتگیرییه‌كانی دا به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی ئاماده‌كارییه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بۆ ئه‌و هه‌ڵبژادنه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ ١٢ی مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت. له‌ سه‌كۆیكاره‌كه‌‌دا، كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی "ده‌سته‌ی كۆمیساران" ئه‌نجامدرابوو، به‌رپرسه‌كانی "كۆمیسیۆن" له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و مه‌یدانی ئاماده‌ی بووون بۆ تاوتوێكردنی پرسه‌كانی وه‌ك به‌كارهێنانی ته‌كنولۆژی تازه‌ و به‌شداریی گشتگرانه‌ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان و ده‌نگدانی تایبه‌ت و ناساندنی پرۆسه‌كه‌ و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ڵبژاردن. هه‌ر له‌و سه‌كۆیكاره‌دا، به‌رپرسانی حكومیش داواكاریی ته‌كنیكی و ئیداری خۆیان له‌روانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ خسته‌ڕوو . "ده‌سته‌ی كۆمیساران"و به‌ڕێوه‌به‌ركانیش له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانیدا پلان و كاتبه‌ندی خۆیان بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گرفته‌كان له‌ دیدی نیشتمانییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

له‌به‌ر رۆشنایی گرنگیی سه‌كۆیكاره‌كه له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ستیاریی پرسه‌ تاوتوێكراوه‌كاندا ، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوای ئاماده‌بوون و سه‌رنجی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد. ئه‌وان دیدو بوچوونی خۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئاڵوگۆڕ كرد كه‌ له‌ سه‌كۆیكاره‌كه‌ ئاماده‌بوون وه‌ك خاتو ئالیس وۆلپۆلی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن لە عیراق و گه‌وره‌ تیمی نوسینگه‌ی یارمه‌تیی هه‌ڵبژاردنی یونامی.

له‌ وته‌كه‌یدا بۆ ئاماده‌بووان، به‌ڕێز ریاز ئه‌لبه‌درانی گه‌وره‌ به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی كۆمیسیۆن وتی "كۆمیسیۆن بڕیاری شێلگیرانه‌ و توانای ته‌كنیكی و لۆجیستی و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌ كاتی خۆیدا هه‌یه‌".

وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئاماده‌بووان له‌ ئه‌زموونی تاڵی كۆمیسیۆن له‌ رابردوودا و دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌مان متمانه‌به‌خۆبوون ، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كۆمیساران، به‌ڕێز مه‌عن ئه‌لهیتاوی‌، وتی "به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا ده‌توانین هه‌لومه‌رجی وا بڕه‌خسێنین كه‌ بتوانین هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌توو ئه‌نجام بده‌ین". ئه‌و هه‌روه‌ها داوای پاڵپشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشی ده‌كرد له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكارییانه‌ی كه‌ پێشتر پێشكه‌ش به‌ "لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان" كرابوون.

له‌گه‌ڵ دووپاتكردنه‌وه‌ی پابه‌ندی و پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژادنێكی پاك و بێگه‌رد له‌ كاتی خۆیدا، خاتو وۆلپۆل وتی "تیمی شاره‌زایانی ته‌كنیكی ئێمه‌ له‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ پشتگیریكردن و یارمه‌تیدانی ئێوه‌".

خاتوونه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان زیاتر وتی "به‌رپرسیاریی له‌سه‌ر شانی كۆمیسیۆنه‌ و رۆڵی ئێوه‌ش له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژادنێكی متمانه‌دار له‌وپه‌ڕی گرنگیدایه‌ . ده‌نگده‌ران و سیاسییه‌كانی عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاویان له‌سه‌ر كۆمیسیۆنه‌ و متمانه‌ و باوه‌ڕیشیان به‌ ئێوه‌ بڕیارده‌ری قبۆڵكردنیانه‌ بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان. كاری سه‌ره‌كی كۆمیسیۆن نیشاندانی ئاماده‌باشییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی به‌ڕێوه‌بردنێكی رێكوپێك به‌گوێره‌ی ئه‌م كاتبه‌ندییه‌ی ئێستا".

خاتونی جێگر متمانه‌ی خۆی به‌ كۆمیسیۆن خسته‌ڕوو سه‌ره‌ڕای گرفته‌ زه‌قه‌كان و ئاماژه‌شی به‌ تۆماری سه‌ركه‌وتووانه‌ی عیراق كرد له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دۆخی دژواردا له‌ رابردوودا وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠١٤ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌وكاته‌ی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاتدا. ئه‌و هه‌روه‌ها دووپاتی گرنگیی پلانیشی كرده‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو له‌رێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر تاسه‌ری وڵاتدا پێش‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی راسته‌قینه‌ بۆ خۆدوورگرتن له‌ هه‌ر جۆره‌ كێشه‌ و گرفتێك له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا.

لای خۆشییه‌وه‌، به‌رپرسی نوسینگه‌ی یارمه‌تیی هه‌ڵبژاردن، به‌ڕێز ئامیر ئاریان، ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كی كۆمسیۆن سه‌باره‌ت به‌ پاڵپشتیی ته‌كنیكیی زیاتر نیشاندا و وتیشی كه‌ هه‌ندێ له‌ گرفته‌كانی ئه‌مساڵ بریتین له‌ دابینكردنی هه‌ژماركردنی بێخه‌وشی ئه‌لیكترۆنی و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌ یه‌ك رۆژدا و دابینكردنی ئاسایشی پرۆسه‌كه‌ به‌تایبه‌تیش ئاسایشی سۆفتوێر و گواستنه‌وه‌.


****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.