سێ شەممە, 23 کانونی دووەم 2018 11:16

تێبینی بۆ په‌یامنێران : بەڕێز میرۆسلاڤ جێنكا، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتیی بۆ كاروباری سیاسی، سه‌ردانی به‌غدا و موسڵی كرد بۆ ده‌ربڕینی به‌رده‌وامیی پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق ( وه‌رگێرانی نافه‌رمی)

به‌غدا، ٢٢ی كانونی دووه‌می ٢٠١٨: له‌ ئێستادا بەڕێز میرۆسلاڤ جێنكا، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتیی بۆ كاروباری سیاسی، به‌ سه‌ردانێكی ٣ رۆژه‌ له‌ عیراقه‌ و دوێنێش ( ٢٢ كانونی دووه‌م) له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و به‌ڕێز ئوسامه‌ نوجه‌یفی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و به‌ڕێز سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی تازه‌هه‌ڵبژێردراوی كۆمیساران كۆبووه‌وه‌. ئه‌وان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیاندا باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ چۆن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌ هاوكاری عیراق بكات به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ١٢ی مانگی ئایاری داهاتوودا له‌گه‌ڵ تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و ئاودانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیركردنی عیراق و كۆبوونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی له‌ عیراقدا.

هه‌ر ئه‌مرۆش، به‌ڕێز جێنكا سه‌ردانی موسڵی كرد و به‌چاوی خۆشی بووژانه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی بینی له‌ مكوڕییان بۆ سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی ژیانیان دوای ٣ ساڵ له‌ كۆژان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام )دا. ئه‌و هه‌روه‌ها سه‌ردانی گه‌ڕه‌كه‌ وێرانبووه‌كانی ئه‌و شاره‌شی كرد كه‌ تێیدا سه‌رده‌مێك داعش ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت "خه‌لافه‌ت"ی راگه‌یاندبوو.

ئه‌و له‌مباره‌وه‌ وتی "من سه‌رله‌نوێ كرانه‌وه‌ی بازاڕ و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و جموجوڵی ئازادانه‌ی هاوڵاتیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئۆتۆمبێلی پڕ له‌ كه‌لوپه‌لم بینی كه‌ له‌ چادرگه‌كانی ئاواره‌كانه‌وه‌ به‌ره‌وه ناو شار ده‌هاتنه‌وه. ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر و رێگه‌ش نه‌ده‌ین كه‌ جارێكی تر تیرۆر بتوانێت شوێنپێی خۆی له‌م ناوچه‌ دێرین و گرنگه‌دا هه‌بێت. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چی له‌ده‌ستی بێت ده‌یكات بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ستانه‌وه‌یان و دروستكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان له‌ ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیدا".

به‌ڕێز جێنكا چاوی به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی ناوخۆیی كه‌وت له‌ موسڵ به‌ پارێزگاریشه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی وه‌ستانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان شانبه‌شانی خه‌ڵكی عیراق به‌تایبه‌تیش هاوڵاتیانی نه‌ینه‌وا له‌ كریستان و ئێزیدی و شه‌به‌ك و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه‌كانی تر كه‌ زه‌بری هه‌ره‌ كوشنده‌یان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌و وتی "من ئه‌مڕۆ لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا و هه‌موو عیراقییه‌كان بكه‌م بۆ سه‌ركه‌وتنه‌ مێژۆوییه‌كه‌یان به‌سه‌ر داعشدا كه‌ هه‌رگیز بێ یه‌كڕیزی خه‌ڵكی عیراق نه‌ده‌هاته‌ دی. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، یه‌كڕیزی پێشمه‌رجی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانیشه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا و هه‌روه‌ك چۆن به‌ردی بناغه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتیشه‌‌".

ئه‌و هه‌روه‌ها سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره‌شی كرد له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا كه‌ هه‌م دوا باره‌گای داعش بوو و هه‌میش تاقیگه‌یه‌ك بوو بۆ دروستكردنی بۆمب و ته‌قینه‌وه‌. پاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م بینایه‌ گرنگه و‌ یه‌كێكه‌ له‌و چه‌ندان پرۆژه‌یه‌ی كه‌ ئاژانسی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ کاروباری مین و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدان (یۆ ئین دی پی) هاوبه‌شانه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ژیانی رۆژانه‌یان و له‌ خزمه‌ته‌ ته‌ندروستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیش سوودمەند بن.

ئه‌و زیاتر وتی "من له‌راستیدا راچڵه‌كام به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ موسڵ بینیم و هه‌روه‌ها به‌و چیرۆكانه‌ش كه‌ بیستم كه‌ باسیان له‌ دژواریی و سه‌ختیی ژیان ده‌كرد له‌سه‌رده‌می داعشدا. به‌ڵام من له‌هه‌مان كاتیشدا دڵخۆش بووم به‌و هیوا و شێلگیرییه‌ی كه‌ له‌ خه‌ڵكم بیست كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌شێكی ئاشتی و شكۆداری بێ ترس و توقاندندا ژیان به‌سه‌ر به‌رن".

ئه‌و به‌یانی چاوی به‌ به‌ڕێز نوری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و به‌ڕێز ئیراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ و به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم، پیاوی ئاینی و سه‌رۆکی ‌حیزب و ژنان و سه‌ركرده‌ی كه‌مینه‌كان ده‌كه‌وێت.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.