پێنج شەممە, 25 کانونی دووەم 2018 09:41

سه‌رنجێك بۆ په‌یامنێران : بەڕێز میرۆسلاڤ جێنكا، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری سیاسی، كۆتایی به ‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عیراق هێنا (وه‌رگێڕانی نافه‌رمی)

به‌غدا، ٢٤ی كانونی دووه‌می ٢٠١٨:- به‌ڕێز میرۆسلاڤ جێنكا، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری سیاسی، كۆتایی به‌سه‌ردانه‌ ٣ رۆژییه‌كه‌ی بۆ عیراق هێنا دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان و په‌یوه‌نددارانی تر له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌ردانكردنی شاری موسڵیش كه‌ له‌وێدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان كۆبووه‌وه‌ و به‌چاوی خۆی چالاكییه‌ گرنگه‌كانی مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌قامگیری و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ بینی. ئه‌و هه‌روه‌ها ستایشی عیراقیشی كرد بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆریستی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دا له‌گه‌ڵ داواكردنی پڕهاندانی بۆ قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی ئاشتی و به‌ره‌وپێشبردنی هه‌وڵه‌كان بۆ دروستكردنی ئاینده‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران بۆ وڵات.

له‌ به‌غداش به‌ڕێز جێنكا چاوی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی، و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڕێز سه‌لیم جبوری، و جێگری سه‌رۆك كۆمار، به‌رێز ئوسامه‌ نوجه‌یفی، سه‌ركرده‌ی سیاسی، به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم، و سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئاشته‌وایی، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د سه‌لمان و ده‌سته‌ی تازه‌دامه‌زراوی كۆمیساران و ژنان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌ركرده‌ی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌كان و دیپلۆماتكاران كه‌وت.

ئه‌و هه‌ره‌وها تاوتوێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كرد و هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقیشی دا بۆ ره‌خساندنی كه‌شێكی ئارام بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌. ئه‌و خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی به‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نیشتمانییه‌كان به‌گوێره‌ی كاتبه‌ندیی ده‌ستوور له‌ ١٢ی مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ده‌چن. ئه‌و دووپاتی پابه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی كرده‌وه‌ بۆ پشتگیریكردنی كاره‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان(IHEC) بۆ پته‌وكردنی گشتگیری و روونی و رێزگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان .

وێڕای تاوتوێكردنی پرۆسه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی و هاندانی دابینكردنی گشتگری ته‌واوی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان به‌ كریستان و ئێزیدی و شه‌به‌ك و سه‌بائی و كوردی فه‌یلیشه‌وه‌، به‌ڕێز جێنكا وتی "من له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمدا به‌زه‌قی بۆ ئاماده‌بووانم باس كردووه‌ كه‌ فره‌یی دیمۆگرافی به‌شێكی گرنگی مێژووی عیراق و كه‌له‌پووره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌یه‌تی. له‌ راستیدا، پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌وپه‌ڕی گرنگیدایه‌ و خه‌ڵكیش پێویسته‌ به‌چاوی خوشك و برا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن".

ئه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی به‌شداریی ته‌واو و كاریگه‌رانه‌ی ژن ده‌كرده‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار و هه‌موو بواره‌كانی تری پرسه‌ سیاسییه‌كان هه‌ر له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ تا ئاشته‌وایی نیشتمانی. ئه‌و داوای له‌ حكومه‌تی عیراقیش كرد بۆ به‌ته‌واوی جێبه‌جێكردنی "پلانی كارپێكردنی نیشتمانی" په‌یوه‌ست به‌ بڕیاری ١٣٢٥ی ساڵی ٢٠٠٠ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و جێبه‌جێكردنی "راگه‌یاندراوی هاوبه‌ش"انه‌ی واژۆكراوی ئه‌مدواییه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشپێگرتن و به‌هاناوه‌چوونی توندوتیژیی سێكسی كاتی ‌شه‌ڕ له‌ عیراقدا.

وێڕای هه‌ستكردنی به‌ بڕیاری شێلگیرانه‌ی "رێكخراو"ه‌كه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ پشتگیریكردنی هه‌موو عیراقییه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ٣ ساڵه‌ی داعشدا ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كی زۆریان چێژتبوو، به‌ڕێز جێنكا وتی "ئێستا خه‌ڵكی عیراق ده‌رفه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و شكۆمه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی. من سه‌ردانی موسڵم كرد و به‌چاوی خۆم وێرانكاریی‌ كاره‌ساتبارم له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بینی. به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینیم كه‌ چۆن ژیان به‌ره‌ به‌ره‌ له‌و شاره‌دا وا خه‌ریكه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵكی عیراقین له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان".

ئه‌و به‌ توندی داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كرد بۆ‌ به‌شداریكردنێکی چالاكانه له‌و "كۆنفرانس"ه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كه‌ وای لێ بكات بتوانێت خزمه‌ته‌كان دابین بكات و ئاینده‌یه‌كی شكۆدارتر بۆ عیراقیه‌كان فه‌راهه‌م بكات. به‌ڕێز جێنكا دواجار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی روونه‌ له‌سه‌ر پته‌ویی په‌یوه‌ندیی عیراق له‌گه‌ڵ هاوبه‌شكاره‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كانیدا كه‌ ئه‌وانیش رۆڵێكی به‌رچاویان له‌ گه‌شه‌دان به‌ سه‌قامگیریی عیراق و ناوچه‌كه‌‌ هه‌یه‌.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.