هەینی, 09 شوبات 2018 17:27

خاتوو ۆڵپۆڵ، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی خێزانە ئاوارە ناوەخۆییەکانی بەغدای کرد و جەختی لەسەر پیادەکردنی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کردەوە

بەغدا، ٨ی شوباتی ٢٠١٨ – ئەمڕۆ خاتوو ئالیس ۆڵپۆڵ، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن سەردانی چەند خێزانێکی ئاوارەی ناوەخۆیی کرد کە لە پارێزگای بەغدا لە ناوچەی ئەبوغرێب لە کەمپەکانی ئەلئەمەل و ئەلئەهلی و ئەلشەمس نیشتەجێن. سەردانەکە بەهەماهەنگی لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رێکخرابوو و جەختیان لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ ئاسانکاری بەشداری کردنی ئاوارە ناوەخۆییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە مانگی مایسدا کردەوە. لە میانەی سەردانەکەدا، خاتوو ۆڵپۆڵ، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە هەندێک لە ئالنگارییە سەرەکییەکان کرد کە رووبەرووی کۆمەڵگە ئاوارەکان دەبنەوە و بەڕێزیان توانی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی ئاوارەکان بێت.

خاتوو ۆڵپۆڵ وتی:" ئێمە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین هاوکاری ئەوانە بکەین کە ماڵی خۆیان لەدەست داوە و لە کۆمەڵگەی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە. بە تایبەتی ئەوانەی کەتبوونە ژێر ڕکێفی داعشەوە، ئەوانە پێویستە پاڵپشتی بکرێن بۆ بەژداربوون لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگیان ببیسترێت. بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنانەدا مافێکی دەستوورییە".

خاتوو ۆڵپۆڵی جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆی لەگەڵ ئافرەتان و گەنجانی نیشتەجێی کەمپەکە کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەشداریکردنیان لە درووستکردنی بڕیار دەربارەی داهاتوویان کردەوە. هەروەها بەڕێزیان بەگەرمی هانی گەنجەکانی دا ئەوانەی گەیشتوونەتە تەمەنی ڕێپێدراو بۆ دەنگدان کە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و بێنە پێشەوە بۆ دەنگدان لە مانگی مایسدا.

بەڕێزیان وتی" نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامی لە نزیکەوە کار لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ دابینکردنی هاوکاری تەکنیکی بۆ پرۆسەکانی هەڵبژاردن. من متمانەم بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەیە کە بەو پەڕی توانایان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکەن. لەهەمان کاتدا، ئالنگارییەکانی بەردەمیان لە تۆمارکردنی ئەو ئاوارانەی بەڵگەنامەی فەرمییان لا نیە بەهەند وەردەگرم ".

هاوکات لەگەڵ خۆئامادەکردنی عیراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرتاسەری لە مانگی مایسدا، گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بۆ ناوچە جیاجیاکان لەو وڵاتە بە گەورەترین ئالنگاری دادەنرێت. وا مەزندەدەکرێت کە لە ئێستادا نزیکەی ١،٦ ملیۆن کەس لە تەمەنی گونجاو بۆ هەڵبژاردن هێشتا بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

خاتوو ۆڵپۆڵ لەو باوەڕەدایە کە بەشداری کردنی کاریگەرییانەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بنەمایەکی گرنگە بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن باوەڕپێکراو و قبوڵکراو بێت.

خاتوو ۆڵپۆڵ لە درێژەی وتەکانیدا وتی: "هەوڵ دراوە و ئامادەکاری کراوە بۆ هەژمارکردنی دەنگەکانتان" هەروەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەندە بە دابینکردنی ئاسانکاری تایبەت بۆ ئاوارە ناوەخۆییەکان تاکو مافی دەستووری خۆیان بۆ دەنگدان بەکاربهێنن.

لە چەند مانگی داهاتوودا، خاتوو ۆڵپۆڵی جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کۆمەڵگە بەرکەوتەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردیان بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.