چوار شەممە, 14 شوبات 2018 13:02

ئه‌نتۆنیۆ گوتێرسی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رنامه‌ی بووژاندنه‌وه‌ وهه‌ستاندنه‌وه‌ی عیراق راده‌گه‌یه‌نێت گرنگ

كوێت / به‌غدا/ نیۆرك، ١٤ی شوباتی ٢٠١٨:- ئه‌مڕۆ له‌ كۆنفرانسی جیهانیی كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرسی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكان به‌رنامه‌ی بووژاندنه‌وه و هه‌ستاندنه‌وه‌ی عیراقی راگه‌یاند. مه‌به‌ستیش له‌و‌ به‌رنامه‌ دوو ساڵییه‌ی بووژاندنەوە و هەستاندنەوە‌یه‌‌ خێراكردنی به‌دواداچوونی ره‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و یارمه‌تیدانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئاودانكردنه‌وه‌كه‌دا و له‌ ژیانی رۆژانه‌یاندا هه‌ست به‌ ده‌سكه‌وتی به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن له‌جیاتی چاوه‌ڕێكردن بۆ چه‌ندان ساڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ‌پرۆژه‌ به‌رفراوانه‌كان و چاكسازییه‌ ژێرخانییه‌كان به‌هره‌مه‌ند بن.

به‌ڕێز گوتێرس له‌مباره‌وه‌ وتی "له‌ راستیدا عیراق به‌ له‌ناوبردنی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) توانی به‌سه‌ر هه‌موو ئاڵنگارییه‌كاندا زاڵ بێت. به‌ڵام هێشتاش ئاڵنگاری زۆریش ماوه‌. من دوای ٣ رۆژ له‌ كۆنفرانسی كوێت هیوای عیراقێكی نوێ ده‌خوازم كه‌ بتوانێت ده‌رگا به‌ڕووی كاردا بكاته‌وه‌ و بۆ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌ددیه‌كانی داهاتووش له‌ دروستكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگادا ئاماده‌بێت شانبه‌شانی دروستكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و رێگاوبان و پرد و نه‌خۆشخانه‌ و ژێرخان".

چه‌قی قورسایی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر كاره‌ له‌پێشینه‌كانی وه‌ك یارمه‌تیدانی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه‌ كه‌ كۆژانی زۆریان بینیوه‌ و به‌هێزكردنی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ زیاتر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی توندوتیژییان له‌سه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشبردنی به‌شداریی سیاسی و هه‌ماهه‌نگیی گشتگرانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش.

هه‌ر له‌باره‌ی به‌رنامه‌كه‌وه‌ لیز گراندی هه‌ماهه‌نگسازیی مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی "ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌س دروستكردنه‌وه‌ی ژێرخان نییه‌ به‌ڵكوو ‌باشكردنی ژیانی خه‌ڵكیشه‌".

به‌رنامه‌كه‌ له‌ ٩ به‌ش پێكهاتووه‌ كه‌ سیانیان له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن كه‌ له‌ ریزی كاری سه‌رلیستدان كه‌ تێیاندا توندڕه‌وی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاو بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی كۆمه‌ڵگا و دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ حكومه‌ت و ره‌خساندنی هه‌لی ئابوری نه‌نرێت. شه‌ش له‌و به‌شانه‌ش نیشتمانین و چه‌قی قورساییان له‌سه‌ر ناناوه‌ندكردنی خزمه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و گه‌شه‌دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دوورخایه‌ن و دابینكردنی پشتگیری بۆ ڕزگاربووان و خێراكردنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگایی و فراوانكردنی به‌شداریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق بەرێز یان كۆبیش وتی "رێككه‌وتنی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون و یه‌كسانیی ماف و پابه‌ندی و دادوه‌ری و ره‌خساندنی هه‌ل بۆ هه‌مووان شانبه‌شانی ئاشته‌وایی له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌ هۆزدا له‌وپه‌ڕی گرنگی دایه‌ بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئاینده‌یه‌كی جێگیر و عیراقێكی یه‌كگرتوو و خۆشگوزه‌ران".

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای ٤٨٢ ملیۆن دولاری ئەمەریکی ده‌كات بۆ یه‌كه‌م ساڵی به‌رنامه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ٥٦٨ ملیۆنی تری سه‌رباریش بۆ سه‌قامگیكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ مه‌ترسی زۆریان له‌سه‌ره‌ . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، هاوبه‌شكارانیش داوای ٥٦٩ ملیۆن دۆلار ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی یارمه‌تیی ژیاری زۆر پێویست بۆ ٣.٤ ملیۆن خه‌ڵكی لێقه‌وماو له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا له‌ چوارچێوه‌ی "پلانی به‌هاناوه‌چوونی مرۆیی"ی ساڵی ٢٠١٨دا.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بەرنامەی بووژاندنەوە و هەستاندنەوە پەیوەندی بکەن بە: دۆن بلالۆک گودوین بە ئیمەیلی: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
ژمارەی مۆبایل: 009647730155630 واتساپ: 0096176024758

وێبسایت: www.uniraq.org/rrp 

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.