چوار شەممە, 21 شوبات 2018 07:52

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌ت خاتو وۆڵپۆڵ سه‌ردانی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانی كرد له‌ كه‌ركوك و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی دادێ

كه‌ركوك، 20ی شوباتی 2018– ئه‌و عیراقییانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ئاواره‌ بوون، مافێكی نكۆڵی لێنه‌كراویان هه‌یه‌ بۆ ده‌نگدان و پێویسته‌ به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی دادێ بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ده‌نگیان هه‌بێت له‌ داڕشتنی ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌یان، ئه‌و بابه‌تانه‌ بوون كه‌ جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان تیشكی خستنه‌ سه‌ر.

‌ سه‌ردانی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كان خاتو ئه‌لیس وۆڵپۆڵ بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی له‌یلان، ئامانجی تیشك خستنه‌ سه‌ر گرنگی به‌شداریكردنی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هاندانیشیان بۆ پراكتیزه‌كردنی مافه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیان بۆ په‌رله‌مان.

ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق (یونامی) و نووسینگه‌ی عیراقی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNHCR) ڕێكخرا بوو. له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، خاتو وۆڵپۆڵی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌ت چاوی به‌ چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كی ئاوارە کەوت و دەرفەتێکیش بوو بۆ گوێگرتن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ دەنگدان .

خاتو وۆڵپۆڵ وتی" به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر گرنگی زۆری به‌شداریكردنی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان".

شایانی باسه‌ ، خاتو وۆڵپۆڵ له‌م دواییه‌دا ، سه‌ردانی چه‌ند كه‌مپێكی تری ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانی كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری به‌غدا بۆ بانگه‌شه‌ كردن بۆ به‌شداری پێكردنی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان و چینه‌ لاوازه‌كانی تر له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ربه‌خۆ و دادپه‌روه‌رانه. ‌

هه‌روه‌ها پێویستی‌ بوونی پێوه‌ری تایبه‌تی دووباره كرده‌وه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی تۆماركردن و ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌رانی نوێ ده‌نگده‌ره‌ لاوازه‌كان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی بڕیاره‌ له‌ 12ی ئایاری 2018 ئەنجام بدرێت.

بەڕێز قەیس محەمەد خورشید، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی پارێزگای كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌ بوو بۆ یارمه‌تیدان و دڵنیاكردنه‌وه‌ی دانیشتوانی كه‌مپه‌كه‌ به‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان میكانیزمێك پێشكه‌شی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ وێستگه‌ی تایبه‌تی ده‌نگدان لە نێو کەمپەکانیان ده‌نگ بده‌ن. بەڕێزیان هەروەها دڵنیای کردنەوە کە تیمی گەڕۆکی تۆمارکردن لە کاتێکی دیاریکراودا سەردانی کەمپەکان دەکەن بۆ ئەوەی ناوی ئەو دەنگدەرانە تۆماربکەن کە هێشتا دەرفەتی ناو تۆمارکردنیان نەبووە

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشكه‌شكردنی پشتگیركردنی ته‌كنیكی و ڕاوێژ به‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

خاتو وۆڵپۆڵ مافی ده‌ستوری خه‌ڵكی عیراقی له‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و هانی ئه‌وانه‌شی دا كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ به‌گوڕ بێن بۆ ده‌نگدان. له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی" به‌رده‌وام ده‌بن له‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان بتوانن ده‌نگ بده‌ن بۆ ئایینده‌ی عیراق ، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ، زۆر به‌ توندی هانی گشت ده‌نگده‌ران ده‌ده‌م ، كه‌ پابه‌ندییه‌كانی خۆیان به‌رامبه‌ر ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌یان نیشان بده‌ن، به‌گوڕوتینەوە بڕۆن بۆ بنكه‌كانی ده‌نگدان له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن".

له‌ میانه‌‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كه‌ركوك، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌ت خاتو وۆڵپۆڵ له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت و چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی ناوچه‌كه‌ كۆبۆوه‌و باسیان له‌ بارودۆخی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی دادێ كرد.

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.