چوار شەممە, 14 ئازار 2018 07:59

بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی سەردانی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و تاوتوێی ئامادەسازییەکانییانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد

بەغدا، ١٣ی ئاداری ٢٠١٨ – ئەمڕۆ بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، چاوی کەوت بە ئەندامانی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بارەگای سەرەکییان لە بەغدا. ئەندامانی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئامادەسازییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران خستەڕوو، کە وابڕیارە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هەروەها باسی دوواین پێشڤەچوون و ئالەنگارییەکانیان کرد. نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی پابەندیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردەوە بۆ دابینکردنی ئامۆژگاری بەردەوام و پشتگیری و هاوکاری بۆ دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و حکومەتی عیراق بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان هەروەک لە ئەرکی یونامی دا هەیە و لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێی سپێردراوە.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لەو بەرەوەپیشچوونە بەرچاوەی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد کە تائێستا بەدەستیان هێناوە لە ئامادەسازییەکانی هەڵبژاردن و هەوڵی تۆکمە و ماندووونەناسانەی دەستەکەی بەرز نرخاند. نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە پێویستە ئەو تەکنۆلۆژیا نوێیەی بۆ دەنگدان و هەژماردنی دەنگەکان بەکاردەهێندرێت بەبێ کێشە کاربکات و چۆنیەتی بەکارهێنانیان شیکبرێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار تاکو متمانەی بەکاربەرانی بەدەست بهێنێت لەوەی کە ئەنجامەکان پشتیان پێدەبەسترێت و لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی باوەڕپێکراویش دەتواندرێ چاودێری سیستەمەکە و سۆفتوێرەکەی بکرێت. بەڕێزیان جەختی لە دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردەوە کە پێویستە ڕێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە ناوەخۆییەکان لەکاتی دەنگدان و کارئاسانییان بۆ بکەن تاکو هەموو پێکهاتەکانی ئاوارەکان بتوانن دەنگ بدەن. لەنێو چەندان بابەتی تریشدا، باسیان لە پێویستی بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکان کرد و گفتوگۆی ئەو کێشە و گیروگرفتی دابەشکردن و بەکارهێنانی کارتی دەنگدانیان کرد.

بەڕێز کوبیش وتی:" من هەست بە گەشبینی دەکەم کاتێک گوێم لێبوو کە دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پلانی هەیە لە سەرەتای مانگی نیسان و پێش هەڵبژاردنەکان چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو تەکنۆلۆژیا نوێیە لە سەرتاسەری وڵات بخاتەڕوو. ئەمە وا دەکات کە دەنگدەران و پارتە سیاسییەکان و کۆمەلگەی مەدەنی ببین چۆن ئامێرەکە کاردەکات و لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک دەتواندرێ چارەسەربکرێت. ئەمە و چەندان ڕێکاری تری دڵنیایی و بنیاتنانی متمانە و کەمپینی خێرای فێرکردنی دەنگدەران بە دڵنیاییەوە وا دەکەن ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن".

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.