دوو شەممە, 19 ئازار 2018 10:07

ڕاهێنانی پاڵپشتیی تەکنیکیی یونامی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی

سلێمانی،عێراق، ١٥-١٦ی مارسی ٢٠١٨ – ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی)، بەگوێرەی بەرنامەی خۆی تایبەت بە پشتگیریی تەکنیکی بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، "ڕاهێنانی تایبەت سەبارەت بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سێبەر بۆ دەستەکانی ڕێککەوتننامەکان: پەیماننامەی سیداو" لە سلێمانی، ئەنجامدا.

نوێنەری ٢١ ڕێکخراوی ناحکومی لە سلێمانی، بەشدارییان لەو ڕاهێنانە کرد، کە تیایاندا ١٢ بەشداربووی ژن و ٩ بەشداربووی پیاوی لەخۆگرتبوو. ئامانجی ڕاهێنانەکە بریتیی بوو لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی بەشداربوان لە کۆکردنەوە و شیکارکردنی زانیاری و داتای پێویست بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سێبەر بۆ لیژنەی سیداو.

دواکاتی پێشکەشکردنی راپۆرتی سێبەری پەیماننامەی قەڵاچۆکردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان (سیداو) ١ی شوباتی ٢٠١٨ بوو، بەڵام تائێستا پێشکەش نەکراوە.

لە دەستپێکی کردنەوەی ڕاهێنانەکە، نوێنەری ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ، بەڕێز زیتۆ سیانی، ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرزنرخاند لە برەودان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەڕێگەی پەیوەندییان لەگەڵ دەستە پەیوەندیدارەکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤ.

خاتوو سۆما یاسین، یەکێک لە بەشداربوان، ئاماژەی بەوەدا کە ڕاهێنانەکە زۆر سوودبەخش بوو بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سێبەر بۆ لیژنەی سیداو. هەروەها گووتی: "بەشداری ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەم قۆناغی پرۆسەکەدا پڕبایەخە، ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بابەتەکانی تایبەت بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنە بەشێک لەو بابەتانەی کە تیشکیان بخرێتەسەر لەکاتی گفتوگۆی نێوان لیژنەکە و ووڵاتی ئەندام".

گروپەکە بەنیازیشە ڕاپۆرتەکانی سێبەر ئامادەبکات بۆ ڕاپۆرتەکانی داهاتووی عێراق بۆ ڕیککەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە دواکاتی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ەیە و پەیماننامەی دژی ئەشکەنجە کە دواکاتی ئابی ٢٠١٩ەیە.

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.