دوو شەممە, 12 ئازار 2018 00:00

UNHCR بە هاوکاریی حکومەتی سوید بەدەم دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی عیراقییەکانەوە دەچێت

به‌غداد ١٢-٣-٢٠١٨: لە کاتێکدا کە عیراق خەریکە لە قەیران ڕزگاری دەبێت، ئەو خێزانانەی بەهۆی ئاڵۆزی و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری (تەحەددی) ی نوێ و جۆراوجۆر دەبنەوە. لە کاتێکدا ملیۆنان عیراقی خەریکن دووبارە ژیانی خۆیان بنیات دەنێنەوە، نزیکەی (8.7) ملیۆن کەس هێشتا پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییەک هەیە کە پارێزگاری لە مانەوەیان لە ژیاندا بکات. نزیکەی (2.3) ملیۆن کەس تا ئێستا ئاوارەن و زۆرێکیش لەو (3.5) ملیۆن کەسەی کە گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان هێشتا لە دۆخێکی ناسکدا دەژین.

لەو ناوچانەی عیراق کە بە هۆی ئاڵۆزی و ململانێکانی ئەم دواییەوە بە توندی و سەختی زیانیان بەرکەوتووە زەمینەی هەستانەوە سەر پێ ڕەخسێندراوە و خەڵکەکە بەرە بەرە خەریکن دەگەڕێنەوە. UNHCR کار بۆ ئەوە دەکات گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە گەڕانەوەیەکی بەردەوام و پاڵپشتیکراو بێت، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاریکردنیان لە نۆژەنکردنەوەی خانووە زیان بەرکەوتووەکانیان و ئاسانکاریکردن بۆ ئەو پڕۆژانەی سوود بە هەموو کۆمەڵگەکان دەگەیەنن. ئەم ڕێبازە گشتگیرەش پاڵپشتی هەوڵە فراوانترەکانی دیکە بۆ بەدیهانانی پێکەوە گونجانی کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگانەدا دەکات کە هەندێک جار دۆخیان هێشتا ناسک و لاوازە. لە شوێنەکانی دیکەی عیراق ئەو هەل و مەرجانەی پێویستن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێن و زێدی خۆیان هێشتا نەڕەخساون، بەم هۆیەشەوە هەزاران عیراقیی ناو کامپەکان تا ئاییندەیەکی نادیار پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوام دەبێت.

پێداویستییە جۆراوجۆرەکان پێویستیان بە بەدەمەوەچوونێکی ئاوێتە و چڕ و پڕ هەیە. پاڵپشتییەکی نوێ بە بڕی (1.77) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی (14 ملیۆن کڕۆنای سویدی) کە لە لایەن حکومەتی سویدەوە دابینکراوە وا لە UNHCR دەکات لەسەر سەرنج خستنە سەر دوو شت بەردەوام بێت، دابینکردنی پارێزگاریی فریاگوزاری و پێشکەشکردنی کۆمەک و هاوکاری و لە هەمان کاتدا بەشداریکردن لە چاکبوونەوە و بەرگەگریی و خۆڕاگری دوورمەودا.

پۆنتەس مێلاندەر، باڵوێزی سوید لە عیراق، لەم بارەوە گوتی: "سوید لەسەر پابەندبوونی بە پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی خەڵکە هەرە لاواز و لێقەوماوەکانی عیراق لە ماوەی ئەم قۆناغە نوێ و ئاڵۆزەی قەیرانی مرۆییدا بەردەوام دەبێت و ئێمە شانازی بەوە دەکەین پاڵپشتی UNHCR بکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی."

سوید یەکێکە لە پارەبەخشە سەرەکییەکانی UNHCR و هەروەها گەورەترین پارەبەخشی کۆمەکی دارایی ناتایبەتکراوە کە وا لە UNHCR دەکات کۆمەکە داراییەکان بە جۆرێک لە ئازادییەوە بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانە بەکاربهێنێت کە پێداویستییەکانیان لەو پەڕیدایە. ساڵی 2017 بە بەخشینی بڕی (112) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی سوید شەشەم گەورەترین پارەبەخشی UNHCR بوو. لە ساڵی 2018 شدا سوید تا ئێستا بە بڕی (134) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەخشیوە بە UNHCR بۆ ئەوەی چاڵاکییەکانی پێ بەڕێوە ببات.

هەر لەسەر هەمان پرس، بڕونۆ گێدۆ، نوێنەری UMHCR لە عیراق، گوتی: "ئێمە لەم کاتە سەختەدا پێویستە بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی عیراق لە کاتێکدا کە وڵاتی ناوبراو خەریکە پەڕەیەکی نوێ بەسەر دە ساڵی شڵەژا و پڕ لە ناسۆردا هەڵدەداتەوە. بە پاڵپشتیی پارەبەخشە دووربینەکانی وەک وڵاتی سوید، UNHCR لە هاوکاریکردنی خەڵکی عیراق لە ڕێگایاندا بەرەو بووژانەوە بەردەوام دەبێت."

لەو شوێنانەدا کە سەلامەتن بۆ ئەوەی خەڵکەکەیان بگەڕێنەوە، UNHCR ئاسانکاری بۆ پڕۆژە بچووکەکان دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە بنەڕەتییەکانی وەک پردی سەر کەناڵەکان، وێستگەکانی پاڵفتەکردنی ئاو، بینا و تەلارەکانی شارەوانی و دادگا، و هەروەها کەل و پەل بۆ خەڵک دابین دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان، ئەمە هاوشان لەگەڵ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خێزانانەی کە ماڵەکانیان بە تەواوی وێران بوون. UNHCR هەروەها پارێزگاری لە کامپەکان دەکات بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەرەکان، و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی پاراستن بۆ ئەو خەڵکانە دابین دەکات کە بەهۆی ئاڵۆزی و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.


بۆ زانیاریی زیاتر تکایە پەیوەندی بکە بە:

کەیت پۆند (بەغداد)
009647809207286 ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ئەمیرە عبدالخالق (هەولێر)
009647726163729 ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

مصطفی الدلوي (بەغداد)
009647801958468 ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

رشید هـ رشید (دهۆك)
009647507130014 ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

 

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.